ئەردۆغان: ئێمە دوژمنی گەلی ئیسرائیل نیین
پووختەی هەواڵەکە
- ئەردۆغان ڕایگەیاند شێوازی وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی مەککە، بەگوێرەی داواکاریی وڵاتی لێقەوماو دیاریدەکرێت.
- سەرۆککۆماری تورکیا ڕەتیدەکاتەوە هاوپەیمانێتییە بەرگرییەکەیان لەگەڵ سعودیە و پاکستان دژی ئێران یان ئیسرائیل بێت.
- ئەنقەرە داوای چارەسەری دیپلۆماسی دەکات و هۆشداری لە تێکچوونی ئاسایشی بازرگانی لە گەرووی هوورمز دەدات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە بە مەبەستی سەقامگیری پێکهێنراوە و شێوازی وەڵامدانەوەی هێرشەکان بەگوێرەی داواکاری و پێداویستییەکانی وڵاتی لێقەوماو دیاریدەکرێت.
وردەکاریی میکانیزمی بەرگریی هاوبەشی نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان
- بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی مەککە کە لەنێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان واژۆکراوە، هێرش بۆ سەر هەر وڵاتێکیان وەک هێرش بۆ سەر هەرسێکیانە.
- لە کاتی ڕوودانی هێرشدا، وەڵامدانەوەی هاوپەیمانەکان لەسەر بنەمای جۆری داواکاری و پێداویستییەکانی ئەو وڵاتە دیاریدەکرێت کە هێرشی کراوەتە سەر.
- هاوکاری و بەدەمەوەچوونەکان دەکرێت پێشکەشکردنی پشتگیریی هەواڵگری، هاوکاریی لۆجیستیکی یاخود دابینکردنی تەقەمەنی بێت.
- بەگوێرەی قەبارەی مەترسی و هەڕەشەکان، دەکرێت هاوپەیمانێتییە سێقۆڵییەکە پشتگیریی سەربازیی پێشکەوتووتر بۆ وڵاتی لێقەوماو فەراهەم بکات.
- ئەردۆغان جەختدەکاتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و نابێت وەک بەرەیەکی دژ بە ئێران و ئیسرائیل سەیر بکرێت.
هەڵوێستی ئەنقەرە لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل
سەبارەت بە لێدوانە توندەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەم دواییانە لە ئیسرائیل گوتارێکی هەڵە پەرەی پێدەدرێت بۆ ئەوەی تورکیا وەک سەرچاوەیەکی نوێی هەڕەشە نیشان بدرێت، هاوکات ئەوەشی ڕوونکردەوە کە وڵاتەکەی هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ گەلی ئیسرائیل یان هیچ کۆمەڵگەیەکی دیکەدا نییە.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
لەبارەی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوایین دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە چارەسەرکردنی گرژییەکان لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە کردووەتەوە و هۆشداری داوە لەوەی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هوورمز کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دابینکردنی وزە و بازرگانیی جیهانی دادەنێن، هەربۆیە کاری لەپێشینەی ئەنقەرە ڕێگریکردنە لە تەشەنەسەندنی ململانێکان، پاراستنی ئاسایشی ڕێگاکانی بازرگانی و گەڕاندنەوەی لایەنەکانە بۆ سەر مێزی دانوستاندن.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ئەردۆغان: ئیسرائیل دەیەوێت فیتنە بخاتە نێوان کورد، عەرەب، تورک و فارس
"ئەردۆغان دیکتاتۆرە"؛ ئیسرائیل بە توندی وەڵامی تورکیا دەداتەوە
ئەردۆغان: هێز دەنێرینە ناو خاکی ئیسرائیل
نەتانیاهوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامی ئاڕاستەی ئێران و تورکیا و سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک کرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا