ئۆجەلان: بە دەوڵەتم گوت بە چەک ئێزدییەکان لە داعش دەپارێزین
پووختەى هەواڵەکە
- ئۆجەلان: پێویستە یەبەشە تێکەڵ بە سوپای عێراق ببێت و لە جێگەی خۆی بمێنێتەوە.
- ئۆجەلان: پێویستە ئێزدییەکان خاوەنی هێزی بەرگری لەخۆکردن بن.
- ئۆجەلان: نابێت تورکیا ڕێگربێت لە ڕێککەوتنی عێراق و یەبەشە.
- ئۆجەلان: نەتەوەپەرستیی عەرەب تورکمانەکانی لە کەرکووک تووشی کۆمەڵکوژی کرد.
- ئۆجەلان: بە دەوڵەتی تورکیاى گوتووە بە چەک ئێزدییەکان لە داعش دەپارێزن.
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی ئاڕاستەی ئێزدییەکان کردووە و لە سەرەتای پەیامەکەدا دەڵێت، "بە دەوڵەتم گوت: بەشێوەی چەکداریی ئێزدییەکان بەرامبەر هەر هێرشێکی گریمانەیی داعش دەپارێزین، هەموو شتێکیش وەک خۆی بڕوات، ئێمە قورسایی خۆمان دەخەینە ناوچەی ئێزدییەکان و دەیانپارێزین، پێویستە دەوڵەت لەمە تێبگات."
بانگەوازى ئۆجەلان بۆ گەنجانى ئێزدى
- ئەگەر کوردی دەزانن، پێویستە خوێندنەوەی کوردیش فێربن و بەشێوەیەکی فراوان بەکاریبهێنن.
- پێویستە ئەوەی ڕوویدا بینووسنەوە و بیگوازنەوە بۆ نێو مێژوو "بەهیوام بەمزووانە بتانبینم."
- نامەکەی ئۆجەلان هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و تێیدا بانگەواز بۆ یەکینەکانی بەرخودانی شنگال "یەبەشە" دەکات و دەڵێت: پێویستە یەبەشە لە شنگال بمێنێتەوە، ئەگەر یەبەشە تێکەڵ بە سوپای عێراق ببێت، پێویستە لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە.
- بڕیار بۆ لەناوبردنیان دراوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە ئێزدییەکان خاوەنی هێزی بەرگری لەخۆکردن بن، چونکە ئێزدییەکان ئێستا بە پڕۆسەی کۆمەڵکوژیدا تێدەپەڕن و لەڕووی یاسایی و مافەوە ناپارێزرێن.
- بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکان گفتوگۆ لە نێوان یەبەشە و حکومەتی عێراقدا هەیە و تەنانەت دەقی ڕێککەوتنەکە ئامادەکراوە، بەڵام لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە واژۆ نەکراوە.
ئۆجەلان دەشڵێت، باس لەوە دەکرێت دەوڵەتی تورک ڕێگریی لە ڕێککەوتنەکە دەکات، نابێت دەوڵەتی تورکیا ڕێگریی لەو ڕێککەوتنە بکات، چونکە ئێزدییەکان داوای هەرێمی خۆسەریان نەکردووە و دیموکراسییەتی خۆجێییان دەوێت، لەبارەی هەموو ئەمانە لەگەڵ لیژنەی باڵا قسە دەکەین، وا پێشبینی دەکەم داواکارییەکانمان بە ئاسانیی جێبەجێبکرێن.
ئۆجەلان پێشیازی مۆدێلی تورکیا بۆ چارەسەر دەکات و لەبارەی شکستهێنانی پڕۆسەکەش هۆشداری دەدات و دەڵێت؛ بۆ شنگال پێویستە مۆدێلێکی هاوشێوەی مۆدێلی تورکیا پێشبخرێت، هەر بۆیە ڕێگریی پەکەکەم هەڵگرت، ئیتر پەکەکە ڕێگر نییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان، واتە کاتی پەکەکە کۆتایی هاتووە و ڕۆڵی خۆی بینیوە. ئەگەر بەگوێرەی ئەو ڕاستییە جوڵە نەکرێت و هەنگاو نەنرێت، پڕۆسەکە ئیفلیج دەبێت.
ئۆجەلان لەبارەی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەم داوە و بەرپرسیارییەتییەکەشی هەڵدەگرم، دەکرێت هەندێک کەموکوڕی هەبێت، بەڵام ئەمە ڕێگە دروستەکەیە.
لە کۆتایی نامەکەدا ئۆجەلان گەڕاوەتەوە بۆ پرسی ئێزدییەکان و شنگال و دەڵێت، خۆپارێزیی لە شنگال ناچارییە، پێویستە یەبەشە جێگەی خۆی لەنێو سوپای عێراق بگرێت، وەک ئۆجەلان دەڵێت، بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکان عێراق ئەوەی پەسەند کردووە. ئەگەر وابێت، باشە. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ لەپشتی داعشەوەیە، نەتەوەپەرستیی عەرەب بەهێزە، ئەگەر ئەو نەتەوەپەرستییە پاشەکشەش بکات، بەڵام دەرفەتیان هەبێت، کۆتایی بە ئێزدییەکان دەهێنن.
وەک عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت، هەر نەتەوەپەرستیی عەرەب بوو تورکمانەکانی لە کەرکووک تووشی کۆمەڵکوژی کرد، بۆ ئەوەی ئەوە دووبارە نەبێتەوە، بوونی ئاسایشی خۆجێیی مەرجە، ئەمە لە عێراقدا بۆ هەموو هۆزەکان ڕاستە. ئەو سیستمەی لە تورکیا هەیە، لە عێراقدا نییە، هەر بۆیە پێویستە تورکمان و ئێزدییەکان بپارێزرێن.
ئەوە لە کاتێکدایە، یەپەشە ، کە بە یەکینەکانی پاراستنی شنگال یان یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال ناسراوە، هێزێکی چەکداری خۆجێیی ئێزیدییە، لە ساڵی 2014 و دوا بە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان دروست بوو. ئامانجی سەرەکی پاراستنی خەڵکی ناوچەکە بوو لە مەترسییەکانی داعش. ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە شەڕی دژی داعش و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە چیاکە و ئازادکردنەوەی شنگال.
ئەم هێزە لە لایەن چەندین ناوەندی سیاسی و سەربازییەوە بە نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەناسرێت. ڕاهێنان و شێوازی کاری سەربازییان نزیکە لەو هێزانەی لەو چوارچێوەیەدا کار دەکەن.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
زەیدی: گرووپەکانی بەرگری لە شنگال چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت دەکەن
کەناڵ8 ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى عەلى زەیدى و شاندى ئێزدییەکان بڵاودەکاتەوە
35 خولەک پێش ئێستا