باخچەلی: پێویستە ئەردۆغان خولێکی دیکە سەرۆککۆماری تورکیا بێت
پووختەى هەواڵەکە
- باخچەلی: پەرلەمان کاردەکات بۆ بەهێزکردنی بنەمای یاسایی پڕۆسەکە.
- باخچەلی: پێویستە ئەردۆغان خولێکی دیکە سەرۆککۆماری تورکیا بێت.
- باخچەلی: دەبێت هەڵبژاردنەکان لە 2028دا بەڕێوەبچن.
دەوڵەت باخچەلی لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک لە یەکەم کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، باسی لە ژمارەیەک تەوەر کرد لە نێویاندا پڕۆسەی چارەسەریی و بەربژێربوونەوەی ئەردۆغان.
لە ساڵى نوێى یاسادانان
- بە گوتەی باخچەلی، تورکیا کار بۆ بەهێزکردنی بنەمای یاسایی و سیاسیی پڕۆسەی چارەسەریی دەکات.
- هاوکات کار لەسەر گەشەپێدانی پێوەرە دیموکراتییەکان، بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەیی دەوڵەتی یاسا، چاککردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی دانیشتووانی وڵاتەکە دەکات.
- سەرۆکی گشتیی مەهەپە بە پێویستی دەزانێت بە پێکهاتەی ئێستای سەرۆکایەتییەوە تورکیا درێژە بەکارەکانی بدات.
- باخچەلى: تورکیا پێویستی بە گۆڕینی ئاڕاستە نییە، بەڵکو پێویستی بەوەیە بە تەواوی درێژە بە سیستم و تواناکانی ئێستای بدات.
- باخچەلى: مانەوەی ئەردۆغان بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەرژەوەندیی تورکیا و ناوچەکەماندا دەبێت.
یاساى بەربژێرکردنەوەى ئەردۆغان
دەوڵەت باخچەلی، دەڵێت: "بە گوێرەی ماددەی 116ـی دەستوور، ئەگەر لە خولی دووەمی سەرۆککۆماردا، پەرلەمان بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن بدات، ئەوا سەرۆککۆمار دەتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بەربژێر".
دەشڵێت: "بۆ ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە بەربژێر، دەبێت لە کاتێکی گونجاو و بە بەرزترین ئاستی سازان لە پەرلەمانی تورکیادا بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنەکان بدرێت".
باخچەلی جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەگەر پەرلەمان بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردنی دا، ئەوا دەبێت هەڵبژاردن هەر لە 2028دا بەڕێوەبچێت.
ئەردۆغان لە 26ـی شوباتی 1954 لە ئیستەنبوڵ لە خێزانێکی بە نەژاد جۆرجی لە دایکبووە. منداڵی لە شارى ڕیزە لەسەر دەریای ڕەش بەسەر بردووە، پاشان لە تەمەنی 13 ساڵیدا بۆ ئیستەنبوڵ گەڕاوەتەوە. لە خێزانێکی ھەژاردا پەروەردە بووە. لە خوێندنگەکانی (ئیمام خەتیب)ـی ئایینی خوێندویەتی و پاشان کۆلێژی ئابووری و کاری لە زانکۆی مەڕمەڕە خوێندووە.
وێستگە سەرەکۆییەکانی ژیانی سیاسی ئەردۆغان:
- سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ (1994 - 1998): یەکەم وێستگەی گەورەی ناوبانگی ئەو بوو کە تێیدا سەرکەوتووانە کێشە خزمەتگوزارییەکانی شارەکەی بەڕێوەبرد.
- سەرۆک وەزیرانی تورکیا (2003 - 2014): لەم قۆناغەدا پارتەکەی (ئاکەپە) دەسەڵاتی گرتەدەست. تێیدا گەشەسەندنێکی گەورەی ئابووری لە تورکیادا بەدیهات و کۆتایی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سوپا لە سیاسەتدا هێنا.
- سەرۆک کۆماری تورکیا (2014 - ئێستا): لە ساڵی 2014 وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا. دواتر لە ڕێگەی گشتپرسییەکەوە لە ساڵی 2017دا، سیستمی سیاسی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕی و دەسەڵاتەکانی خۆی فراوانتر کرد.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
ئاکپارتی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن لە تورکیا دەکات
میدیای تورکیا: ئەردۆغان دەیەوێت ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بکرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا