کارەبای سلێمانی هۆشداری بە هاوبەشانی کارەبا دەدات
پووختەى هەواڵەکە
- کارەبای سلێمانی هۆکارەکانی کوژانەوەى کارەبای هاوبەشان بڵاودەکاتەوە.
- کارەبای سلێمانی: دوای کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون کارەبا لەسەر قەرزی کۆن دەکوژێتەوە.
- کارەبای سلێمانی: قەرزی کۆن دەکرێت بە قیستى ناچاری.
- کارەبای سلێمانی: دەبێت لە ماوەی 50 ڕۆژدا پارەی کارەبای ڕووناکی بدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە بارەى کوژانەوەی کارەبای ماڵان دەڵێت، دوای دەرچوونی پسوڵەی مانگانە و دوای 50 ڕۆژ لە دابەزینی لە سیستمی ئی پسوڵە، ئەگەر هاوبەش پارە نەدات، کارەباکەی دەکوژێتەوە.
هۆکارەکانى کوژاندنەوەى کارەبا
- لینک نەکردنی پێوەری زیرەک، دەشڵێت. تیمێکی تایبەت سەردانی ماڵان دەکەن بۆ ئەو لینک کردنە.
- هەر هاوبەشێک لە ماڵ نەبوو، پسووڵەی ئاگاداری پێدەدرێت و پێویستە پەیوەندی بە ژمارە 1992ەوە بکات و زانیارییەکان تۆمار بکات.
- ئەو هاوبەشانە تاوەکو بە فەرمی دەبنە هاوبەش، کارەبایان بە کوژاوەیی دەمێنێتەوە.
- هۆکارێکی دیکەی کوژانەوەی کارەبا، تێکەڵاوبوونی کارەبایە لەگەڵ ماڵی دراوسێ.
- کارەبای سلێمانی: دوای سەردانی لیژنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کارەبا ئەو هاوبەشانە هەڵدەبێتەوە.
- کارەبای سلێمانی: تاوەکو ئێستا کارەباى هیچ هاونیشتمانییەک لەسەر قەرز نەبڕاوە.
- کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوون کە 18ـی ئەم مانگەیە.
- قەرزی کۆن دەبێتە قیستی مانگانە و بە ناچاری وەردەگیرێتەوە.
- هەمان ماوەی 50 ڕۆژی پارەدانی کارەبای مانگانەی ڕووناکی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
- لە کاتی نەدانی پارە؛ کارەبای هاوبەشەکە دەکوژێتەوە.
بڕیارى لێخۆشبوونى 50% قەرزی کۆنی کارەبا
بڕیاری لێخۆشبوونی 50٪ لە قەرزی کۆنی کارەبای هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستان، کە وەک دوایین دەرفەت ڕاگەیەندرابوو، لە سەرەتاى مانگى ئابى ڕابردوو ڕاگەیێنرا و لە 10ـی ئەیلوولی 2026 کۆتایی پێهات، پاشان لە 24ـى ئەیلوولى ڕابردوو، جارێکى دیکە پڕۆسەکە خرایەوەگەڕ و بڕیارە تاوەکو 18ـى تشرینى یەکەمى 2026، بەردەوام بێت و ئیدى لەو بەروارە بەدواوە درێژ ناکرێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، پڕۆژەی ڕووناکی کە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستانە، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە پاڵ لایەنە ئەرێنییەکانی وەک نەهێشتنی مۆلیدە ئەهلییەکان، کۆمەڵێک نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەلایەن هاونیشتمانییان لێکەوتووەتەوە.
بەرچاوترین نیگەرانی هاونیشتمانییان پەیوەستە بە سیستەمی نوێی نرخاندن کە بەگوێرەی بەکارهێنان (کیلۆوات) سەر دەکەوێت. زۆرێک لە هاونیشتمانییان و کەسانى کەمدەرامەت بۆچوونیان وایە نرخەکان بە شێوەیەک بەرز دەبنەوە کە لە توانای دارایی ئەواندا نییە، بە تایبەت لە وەرزەکانی سەرما و گەرمادا کە خواست لەسەر ئامێرەکانی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە زۆرە.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
پڕۆژەی ڕووناکی: داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا درێژ ناکرێتەوە
کارەباى سلێمانى: ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژى داشکاندنى 50%ـى قەرزى کارەبایە
لە نێوان بانگەشەی حکومەت و واقیعی خەڵکدا؛ پارەی کارەبا چەندە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا