حوسییەکان و سعودیە هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی یەکدی دەکەن

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پووختەى هەواڵەکە

  • شەڕی سعودیە و حوسییەکانی یەمەن پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
  • هەردوولا هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکان دەکەن.
  • داوا لە خەڵکی سڤیل و کارمەندان دەکەن ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن.
  • سعودیە بۆ خەڵکى سڤیل: وێستگەی نەوتی سەباحیە لە سەنعا چۆڵ بکەن

تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، لە تۆڕی ئێکس داوای لە هاوڵاتییانی سڤیل کرد، بۆ سەلامەتیی گیانیان، پێگەکانی نەوتی یەمەن چۆڵ بکەن و نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئەو ناوچانەی بە ڕەنگی سوور دەستنیشانکردبوو کە بەنیازن بە ئامانجی بگرن، چەند کاتژمێرێک دواتر سعودیە هێرشی بۆ سەر وێستگەی نەوتی سەباحیە لە ڕۆژئاوای سەنعا دەستپێکرد.


هۆشداریی حوسییەکان

  • حوسییەکانی یەمەن داوایان لە شارەزایان، ئەندازیاران و کرێکارانی سەرجەم دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە کرد، بە مەبەستی سەلامەتییان بەپەلە ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن، چونکە بەئامانج دەگیرێن.
  • هۆشدارییاندا بە هێڵە ئاسمانییەکان، فڕۆکەخانەکان، سەرنشینەکان و ئەو کارمەندانە لەو دامودەزگایانە کار دەکەن، فڕۆکەخانە و شوێنی کارەکانیان بەجێ بهێڵن.
  • حوسییەکان بە ئامانجی شەرعیی خۆیان ناویان دەبەن و بەردەوام دەبن لە بە ئامانج گرتنیان.

ئەوە لە کاتێکدایە، پێشتریش چەندینجار حوسییەکان هێرشی درۆنی و موشەکییان بۆ سەر فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە، بەتایبەت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید و کۆمپانیای وزەی ئارامکۆ ئەنجامداوە، دوابەدوای گەمارۆ دەریاییەکانی سعودیە و حوسییەکان لەسەر یەکتر، کە جموجوڵی کەشتیوانییان لە گەرووی بابولمەندەب پەکخستووە و مەترسییان بۆ سەر بازرگانیی جیهانی درووست کردووە، هێرشی سەر کێڵە نەوتییەکان و فڕۆکەخانە و ژێرخانی بازرگانی و سڤیل مەترسیدارترین پێشهاتە لە شەڕی نێوان حوسییەکان و سعودیەدا.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

هێرشی پێچەوانەى سعودیە دژ بە حوسییەکان دەستیپێکرد

حیزبوڵاى عێراق پشتیوانیی کردەوە سەربازییەکانى حوسییەکانى یەمەن دەکات

هێزەکانی عمالقەی باشوور کێن کە حوسییەکانیان لە گەرووی بابولمەندەب دەرپەڕاند؟

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا