بەرشلۆنەو ئەتلەتیکۆ مەدرید لە واندا میترۆپۆلیتانۆ رووبەڕوودەبنەوە

یاریزانانى بەرشلۆنە، وێنە :AP

,لە نێوان هیواکانی بەرشلۆنە بۆ نزیکبوونەوە لە لوتکەی لالیگا و خواستی ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هەردوو یانەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ناروونیان لەم وەرزەی لالیگا لە گۆڕەپانی واندا میترۆپۆلیتانۆ لە مەدرید رووبەڕوودەبنەوە.

لەم یارییەشدا گومان لە بەشداریکردنی ئەنتوان گریزمان، خوسێ خیمینێز، تۆماس لیمار و ماریۆ هێرمۆسۆ دەکرێت کە لە کۆڵەکەکانی سەرکەوتنی دیێگۆ سیمیۆنین، دیاریش نییە ئایا جواو فێلیکس ئامادەیە بۆ یاریکردن و تۆڵە سەندنەوە لە بێباکی یانەکەی مەدرید.

لە دوایین سەردانیدا بۆ یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ، بەرشەلۆنە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەو کاتەوە تاوەکو ئیستا یانەکەی مەدرید لە یاریگەی خۆیدا 25 جار لە لالیگا یاریکردووە و هەرگیز شکستی نەهێناوە، بەڵام پێدەچێت چیرۆکی ئەم وەرزەتەواو جیاواز بێت، بەو پێیەی بە تەواوی لە کێبڕکێی ناسناوی لالیگا دوورخراوەتەوە و بەرشەلۆنەش لانیکەم لە ڕووکەشدا ڕکابەری لەسەر ناسناوەکە دەکات.

بارسا لە یەک کاتدا پێویستی بە سەرکەوتن و شکستی ریال مەدریدە ، یارییەکەی ئەمشەویش دەریدەخات کە ئایا ڕۆڵی یانەکەی کەتەلۆنیا تەنیا لە کێبڕکێکردنە بۆ بەدەستهێنانی پلەیەکی چامپیۆنزلیگ، یان هیواکانی لە کێبڕکێی لالیگادا دەهێڵێتەوە.

هەرچی ئەتلەتیکۆشە، شەڕی ئەوە دەکات پلەیەکی چامپیۆنزلیگ و پێگەیەکی جامی سوپەر مسۆگەربکات، یان ئەوەتا بە شکستهێنان دەکەوێتە ڕکابەرییەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەتلێتیک بلباو بۆ بەدەستهێنانی پلەی چوارەم.

لەو کاتەشەوە کە چاڤی هێرناندێز ئەرکی راهێنانی بلاوگرانای گرتووەتە ئەستۆ، چوار یاریی بەرامبەر دیێگۆ سیمیۆنی کردووە و هەر چوار یارییەکەی لێبردووەتەوە، دوایین سێ ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیشیان بە جیاوازییەکی کەم لە بەرژەوەندیی چاڤی کۆتایی هاتووە.

ئەوەی بۆ بەرشلۆنە دڵخۆشکەرە و گوومان دەخاتە دڵی مەدریدییەکانەوە ئەوەیە، کە ئەتلەتی لە دوایین نۆ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا تەنها یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە، بەڵام لە یاریگای خۆیدا بە باشترین یانەی لالیگا دادەنرێت و لە کۆی 42 خاڵ 40 خاڵی کۆکردووەتەوە.