سعودیە: لە مانگی رەمەزاندا تەنیا یەکجار مۆڵەتی ئەنجامدانی عومرە دەدەینە هاوڵاتییان  

ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەلایەن بەشێك لە موسڵمانانەوە- فۆتۆ: AA

بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەمانگی پیرۆزی رەمەزاندا، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند "لەم مانگەدا تەنیا یەکجار مۆڵەتی ئەنجامدانی عومرە دەدەینە هاوڵاتییان و ئەو کەسانەی دەڕۆنە مەککەی پیرۆز".

وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە راگەیاندراوێکیدا بڵاویکردەوە، ئەنجامدانی یەک عومرە لە رەمەزاندا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و پێدانی دەرفەت بە ئەوانی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر خوازیارێک بۆ جاری دووەم داواکاری عومرەکردن پێشکەش بکات رەتدەکرێتەوە و ڤیزا و مۆڵەتی پێنادرێت .

لەساڵی 2022دا وەزارەتەکە لەگەڵ ماڵپەڕی (نسک) رێککەوت بۆ پێدانی هەل بەسەرجەم موسڵمانان لە جیهاندا گەشتێکی ئاسان بۆ مەککە ئەنجامبدەن و رێکارەکانیان بۆ ئاسان بکرێت.

بە گوتەی تەوفیق رەبیع، وەزیری حەج و عومرەی سعودیە "لە وەرزی رەمەزانی ساڵی رابردوودا ژمارەی عومرەکاران گەیشتە 13 ملیۆن و 550 هەزار کەس، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاسانکارییانەی کە پێشکەش بە عومرەکاران کرابوو".

هاوکات، حکومەتی سعودیە پلانێکی هەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای پێشوازییان بۆ 30 ملیۆن عومرەکار و 5 ملیۆن و 400 هەزار حاجی لە ساڵی 2030دا.