لەماوەی نۆ ساڵدا زیاتر لە 155 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کۆچیانکردووە

ژمارەیەک کۆچبەر لە کەشتییەک دادەبەزن، پاش ئەوەى لەلایەن هێزە دەریاییەکانى یۆنانەوە رزگارکراون. فۆتۆ: AP

بەگوێرەى ئامارێکی سەنتەری Yadc لە دهۆک، لەساڵی 2015ەوە و لەپاش دروستبوونی قەیرانی دارایی و دەستپێکردنی شەڕی داعش، کۆچی گەنجان لە هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا رووی لە زیادبوون کردووە.

سەنتەرەکە بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی نۆ ساڵدا زیاتر لە 155 هەزار گەنجی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان بۆ هەندەران کردووە و زۆرترین کۆچ لە ناوچەکانی راپەڕین و بادینان بووە.

سەنتەری Yadc ئاشکراشیکردووە، لە بەدواداچوونەکانیدا بۆى دەرکەوتووە لەو ماوەیەدا لە ناوچەی بادینان زیاتر لە 37 هەزار کەس و لەناوچەی راپەڕین زیاتر لە 34 هەزار کەس کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، زۆرینەی ئەو کەسانەی کۆچ دەکەن، تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 45 ساڵدایە.

هەر بەگوێرەى ئامارەکە، کۆچ تێچوویەکی زۆری هەیە و هەر کۆچبەرێک بەشێوەی مامناوەندە نزیکەی پێنج هەزار دۆلار بۆ گەیشتنی بە وڵاتێکی ئەوروپی خەرجدەکات، بەوپێیەش ئەو 155 هەزار کۆچبەرەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 775 ملیۆن دۆلاریان بۆ گەیشتن بە هەندەران خەرجکردووە.

روونیشکراوەتەوە، بەلانیکەمەوە لەو نۆ ساڵەدا نزیکەی 600 کۆچبەر لە رێگای کۆچدا گیانیانلەدەستداوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان تەرمی 192 گەنج‌ و منداڵ‌ و ھاونیشتمانی وەرگرتووەتەوە، کە لەو ماوەیەدا لە دەریا و دارستان‌ و سنووری وڵاتان گیانیانلەدەستداوە.