ئارۆن تەیلەر جۆنسن پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی رۆڵی جەیمس بۆند

کەسایەتی و رۆڵگێڕی داهاتووی کارەکتەری سینەمایی "جەیمس بۆند"، دیاریدەکرێت و پێشبینییەکان هەموو بە ئاراستەی ئارۆن تەیلەر جۆنسنن.

لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا و بەدرێژایی پێنج فیلم، ئەکتەری دیاری بەریتانیا، دانیەڵ کرەیگ، رۆڵی سەرەکیی کارەکتەری بەناوبانگی سینەمایی، جەیمس بۆندی دەگێڕا، ساڵی 2021، کرەیگ لەم رۆڵە کشایەوە و دەرگای بە کراوەیی جێهێشت بۆ دیاریکردنی ئەکتەرێکی نوێی کەسایەتییە شەڕکەرەکە.

بەگوێرەی پێشبینی و دەنگۆکان، ئەکتەری بەریتانی، ئارۆن تەیلەر جۆنسن، باشترین پاڵێوراو و بەربژێری سەرەکییە بۆ وەرگرتنی رۆڵی جەیمس بۆند، ئارۆن ئێستا تەمەنی 33 ساڵە و لە باشترین پێگەی تەمەن و جەستە و ئاستی رۆڵگێڕانی خۆیدایەتی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە و بەگوێرەی سەرنجی رەخنەگران، دەتوانێت بە باشی کەسایەتیی و تایبەتمەندییەکانی جەیمس بۆند لەخۆبگرێت.

هەرچەندە بەشێوەیەکی فەرمی هیچ لایەنێکی سینەمایی و بەرهەمهێنان ئەم دەنگۆیە پشتڕاست ناکەنەوە، بەڵام ئارۆن لەماوەی رابردوودا ئاماژەی بەوە داوە، خۆشحاڵە کە خەڵک لە پێگەی کارەکتەرێکی دیاری وەکو جەیمس بۆنددا دەیبیننەوە، ئارۆن تاوەکو ئێستا لە 51 بەرهەمی سینەماییدا وەکو ئەکتەر رۆڵیگێڕاوە، دوو جار پاڵێوراو بووە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکانی بافتا و خاوەنی حەت خەڵاتی دیکەی سینەماییە.

تاوەکو ئێستا 25 فیلمی بریکار 007، ناسراو بە جەیمس بۆن بەرهەمهێنراون، یەکەم فیلمی لە ساڵی 1962 بەرهەمهێنراوە و کۆتا بەشی ساڵی 2021 بەرهەمهێنراوە، هێشتا فیلمی داهاتووی ئەم زنجیرە سەرکێشی و سیخوڕییە نادیارە و هەمووان لە چاوەڕوای زانیاریی زیاتردان.