دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی پاریس دەکەن

جارێکی دیکە وەرزشکارانی جیهان بە رووداویکی مێژوویی جیهانگیر شاد دەبنەوە، کە ئەویش ئۆڵۆمپیادی هاوینەی پاریسی 2024ە، چالاکییەکانی لە 26ی حوزایرانەوە دەستپێدەکات و لە رێکەوتی 11ی ئاب لە شاری پاریس کۆتاییدێت، تیایدا پێنج هەزار و 84 مەدالیا بەسەر سەرکەوتوواندا دابەشدەکرێن، نەریتی ئۆڵۆمپیادیش لە ساڵی 1896ی ئەسیناوە بە هەمانشێوەیە، مەدالیاکان ئاڵتوون و زیو و برۆنز دەبن، بەڵام ئەمجارە بە وێنەکانی پاریس و تاوەری ئفیڵ رازێنراونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی جێراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، لەکاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکاندا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی شاری پاریس دەکەن، ئەوەش ئاڵنگارییەکی ئەمنی مێژووییە بۆ شارەکە و لەئێستاوە ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران و دانیشتوانی شارەکە دەستیپێکردووە.

هێزە ئەمنییەکانی فەرەنسا، جگە لەوەی بە تیمێکی تایبەتی پارێزگاری لە مەشخەڵی پاڵەوانییەتییەکە دەکەن، هەزاران ئەفسەر و پۆلیس و هێزی وڵاتەکەیان بە تەکنەلۆجیای سەردەم و سەربازییەوە خستووەتە ئامادەباشییەوە و دەستیان بە تاقیکردنەوەی دەیان چەکی بەرگریکردن کردووە، تەنانەت تەکنەلۆجیای سەربازیی دژە درۆن ئامادەکراوە لە حاڵەتی بوونی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی، یاخود تیرۆدا.

پاریس جگە لەوەی چەندین باڵە خانە و بینا و یاریگەی لەناوچەی ساندۆنی بۆ یاریزانان و تیمەکان ئامادەکردووە و کێشە لە رێکخستندا نییە، بەڵام مەترسی گەورەی تیرۆری لەسەرە، پێشتریش ئەم شارە چەند جارێک کەوتووەتە بەر هەڕەشەی تیرۆر و خۆپیشاندان، بۆیە ئەمجارە حکومەتی فەرەنسا ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشی راگەیاندووە، بە جۆرێک کە کۆنتڕۆڵی دانیشتگاکانی سەر رووباری سین کراوە بەدرێژایی رووبارەکە، رێگەش نادەن گەشتیاران لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگ و رێورەسمی دەستپێکدا قەرەباڵغی دروستبکەن.