یەکێتی: ئومێدەوارین نەورۆزی ئەمساڵ مژدەی گۆڕانکاریی و ھەڵبژاردن بەدوای خۆیدا بھێنێت

لۆگۆى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئومێدەوارن نەورۆزی ئەمساڵ مژدەی گۆڕانکاریی و ھەڵبژاردن بەدوای خۆیدا بھێنێت و چاویان لەسەرکەوتنێکی گەورەیە تاوەکو رێڕەوی حوکمڕانی راست بکەنەوە.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی بەبۆنەی نەورۆز و ھاتنی بەھارەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە دەڵێت: بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و  ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢٤) ، یادی تاجی راپەڕینی رزگاری کەرکوکی قودسی کوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین نەورۆزی ئەمساڵ مژدەی گۆرانکاریی دیموکراسیی و ھەڵبژاردن  لەپێناو خزمەتکردنی باشتری گەلەکەمان و ژیان و گوزەرانیان بەدوای خۆیدا بھێنێت .

لە پەیامەکەدا هاتووە، "نەورۆز لە دیرۆکی گەلانی نەورۆزخوازدا جەژنی بەھار و نوێبوونەوەی سروشت و ژیانە، لە ژیانی نەتەوەی کوردیشدا بەتایبەتی  جەژنی ئازادی و سەرفرازی ھێمای خەباتە بۆ بەگژداچونەوەی زوڵم و ستەمکاری، لە وێستگەی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١یشەوە جەژنێکی سەرباری ئازادی نیشتمانییە کە رۆژی رزگاری کەرکوکی قودسی کوردستان و   تاجی سەرکەوتنی راپەرینە  ".

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت؛ نەورۆزی ئەمساڵمان، مژدەی قۆناغێکی تری خەباتی مەدەنی ھێناوە کە ھەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستانە، بۆ ئەم ئەرکەی خەبات بەگیانی ئازادیخوازانەی نەورۆزی دێرین وجۆش و خرۆشی راپەڕیەنەوە چاومان لەسەرکەوتنێکی گەورەی یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان و ئەزموونی گەلەکەمانە تاوەکو رێڕەوی حوکمڕانی راست بکەینەوە، گوزەران و ژیانێکی شایان و سەرفرازتر، بێ جیاوازی و جیاکاری لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا  فەراھەم بکەین .