سەرۆکی یەکێتیی پیاوان: لە پەرلەمان بەرگری لە پیاوان دەکەم

بورهان عەلی سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان

سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەربژێر دەکات و دەڵێت، لە پەرلەمان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و پیاوان دەکەم.

بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئازاری 2024، لە نووسینگەی سلێمانیی کۆمیسیۆن، بە فەرمی وەک کەسێکی سەربەخۆ خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمە لە پەرلەمان بە یاسا رێگری لە زیادبوونی لێشاوی جیابوونەوەی خێزانی کورد بکەم کە تاوەکودێت رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران زیاد دەکات و یاسای باری شارستانی هەمووار بکرێتەوە.

سەرۆکی یەکێتیی پیاوان گوتیشی، دەمەوێت لە پەرلەمانی کوردستان بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی پیاوان بەتایبەت بکەم، نەفەقەی پێشەکی و پاشەکی لابەرین و ئەو توندوتیژیانە نەهێڵین کە رووبەڕووی پیاوان دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی جەستەیی، دەرکردنی پیاوان لە ماڵەکانیان و رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی پیاوان لەلایەن ژنەکانیانەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشانکردووە.