رووسیا رەتیکردەوە ئەمریکا پێشوەختە لە هێرشەکەی مۆسکۆ ئاگاداری کردبنەوە

دیمەنێک لە هێرشەکەى شەوى رابردووى مۆسکۆ.

باڵیۆزی رووسیا لە ئەمریکا، رەتیکردەوە پێش رووداوی هێرشکردنەسەر هۆڵی ئاهەنگەکەى مۆسکۆ، ئەمریکا هیچ زانیارییەکی دیاریکراوی ناردبێتە باڵیۆزخانەکەیان.

ئاژانسی تاسی رووسی لە زاری ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەمریکا بڵاویکردەوە، لەپێش رووداوەکەی مۆسکۆ لە ئەمریکاوە هیچ زانیارییەکی دیاریکراو نەگەیشتووەتە دەستیان، لەگەڵئەوەشدا لەوکاتەدا هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئەوان و ئەمریکادا نەبووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەدریان واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لەم مانگەدا حکومەتی ئەمریکا پێشوەختە زانیاری ناردووە بۆ رووسیا لەوەی لە مۆسکۆ هێرشێک بۆسەر کۆبوونەوەیەکی گەورە ئەنجامدەدرێت، ئاماژەی بەوەشدابوو کە لە 7ـى ئازاردا بەرچاوڕوونیانداوە بە هاوڵاتیانى خۆیان و لەو بارەیەوە رێنماییان پێداون.

درەنگانی شەوی 22ـى ئازاری 2024، هێرشێک کرایەسەر هۆڵێکی ئاهەنگێڕان لە دەوروبەرى مۆسکۆى پایتەختى رووسیا، بەهۆیەوە 143 کەس کوژران و 152 کەسی دیکە برینداربوون، هاوکات  رێکخراوی  داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند، هەرچەندە لەسەرەتای هێرشەکەدا رووسیا، ئۆکرانیای تۆمەتبار دەکرد و ئۆکرانیاش دەیگوت رووسیا خۆی ئەنجامدەری هێرشەکەیە.