وەزارەتى دارایى لیستى مووچەى مانگى ئازارى بڵاوکردەوە

دینارى عێراقى. فۆتۆ: کەناڵ8

وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خشتەى مووچەى مانگى ئازارى بڵاوکردوە و دەڵێت "لەکاتى گۆڕانکاریى لە هاتنى پارە، گۆڕانکاریى لە خشتەکەدا دەکرێت".

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "رۆژی شەممە 6ـى نیسانى 2024، دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و تاوەکو پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەکرێت".

بەگوێرەى خشتەکە، رۆژى شەممە 6ـى نیسانى 2024، "کەسوکارى شەهید و ئەنفالکراوان، زیندانە سیاسییەکان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، خانەنشینى شارستانى و خانەنشینى پێشمەرگە" مووچە وەردەگرن، هاوکات رۆژى شەکشەممە 7ـى نیسان وەزارەتەکانى "تەندروستى، کاوربارى کۆمەڵایەتى، دارایى و ئابوریى و ناوخۆ" هەروەها "مافى مرۆڤ، دەستەى دەستپاکى، دەستەى وەبەرهێنان، دەستەى ژینگە، دەزگاى مین، ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم و کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن" مووچە وەردەگرن.

هەرچى رۆژى دووشەممە 8ـى نیسانى 2024ە، وەزارەتەکانى "پەروەردە، داد، ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، پلاندانان، بازرگانى و پیشەیازى، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، شارەوانى و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆشنبیرى و لاوان، کارەبا، خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى،کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان"مووچە وەردەگرن.

هەر لە هەمان رۆژ، "ئەنجوومەنى دادوەریى، دیوانى چاودێریى دارایى، دیوانى وەزارەتى پێشمەرگە و لیواکان، ئەنجوومەنى ئاسایش، هێزى زیرەڤانى، هێزى بەرگریى و فریاکەوتن، یەکەکانى 70 و 80، بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دامودەزگاکان، سەرۆکایەتى پەرلەمان، سەرۆکایەتى هەرێم و سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران" مووچەى مانگى ئازار وەردەگرن.

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم خشتەیە بەپێی کاتی هاتنی تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە، لەکاتی دروستبوونی هەر گۆڕانکارییەک لە هاتنی تەمویلەکە، گۆڕانکاری لە خشتەکەشدا دەکرێت".