لێدوانى سەرۆکى ئەمریکا لەبارەى مووچە و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

جۆ بایدن، سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

سەرۆکى ئەمریکا لەمیانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئەمریکا پشتگیریى و پشتیوانى لە چەسپاندنى دیموکراتییەت لە عێراق دەکات و لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازاد و شەفافن لە هەرێمى کوردستان.

دەستخۆشى لە هەوڵەکانى هەردوو سەرۆکوەزیرانى عێراق و هەرێمى کوردستانیش کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان و خەرجکردنى مووچەى دوو مانگى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدادەوە و داواشیکرد ئەو کارە بەردەوامى پێبدرێت.

بەگوێرەى راگەیەندراوى هاوبەشى گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا کە لە کۆشکی سپی ئەنجامدرا، سەرۆکى ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێکەوە کار دەکەن بۆ سەقامگیریى هەرێمایەتى و رێزگرتن لە سەروەریى خاکى عێراق.

ئاماژەشیان بەوە کردووە کە "هەرێمى کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی هەمەلایەنەی عێراق".

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆکى ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختیان لەسەر گرەنتیکردنى گەیاندنى نەوتى عێراق کردووە بە بازاڕەکانى جیهان و پشتگیریشیان لە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان کردووە لە رێگەى تورکیاوە.

رۆژی 13ی ئەم مانگە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراق، کە نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، گەیشتە واشنتن و رۆژى دووشەممە 15ى نیسان، لەکۆشکى سپى لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا کۆبووەوە.

پێش دەستپێکردنى کۆبوونەوەى نێوانیان، هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا لە کۆشکى سپى قسەیان بۆ رۆژنامەوانان کرد.

جۆ بایدن، رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە و پێشتر پێکەوە لەگەڵ عێراق رووبەڕووى داعش بووینەوە، سوپاسى سودانى کرد بۆ ئەوەى توانیویەتى سێکتەرى ئاسایش و ئابوورى عێراق باشتر بکات.

لەبارەى دۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، سووربوونى وڵاتەکەى لەسەر درێژنەبوونەوەى ململانێکان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە پاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل، لەگەڵئەوەشدا پشتیوانى واشنتنی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە راگەیاند.

محەمەد شیاع سودانى، رایگەیاند، سەردانەکەى لەکاتێکى هەستیاردایە و گوتى: "سەردانەکەمان بۆ واشنتن گرنگیى خۆى هەیە لە مێژووی پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات".

سووربوونى حکومەتەکەشى بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى نێوانیان دووپاتکردەوە.