هێزێکی سوپا لە کەرکووکەوە بەرەو سنووری سعودیە دەگوزارێتەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەربازیی کەرکووک و سەڵاحەدین دەکرێت
- گۆڕانکارییەکان لە سنووری شارۆچکەی داقوقەوە دەستپێدەکەن
زانیاری گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەربازیی سنووری پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین دەکرێت، هێزێکی سوپا لە پارێزگای کەرکووکەوە بەرەو سنووری عێراق لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە دەگوزارێتەوە.
گۆڕانکارییەکان لە سنووری شارۆچکەی داقوقەوە دەستپێدەکەن، کە ئێستا ئەو هێزەی لەو سنوورە جێگیرە، سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدینە.
هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەییەک
- هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدین
- بارەگایەکی نوێی لە پارێزگای موسەننا بۆ دروستدەکرێت
- ناوی فەرماندەییەکە دەگۆڕێت بۆ فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حاموڕابی
- گۆڕانکارییەکان سنووری خورماتووش دەگرێتەوە
کەناڵ8 زانیویەتی، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدین هەڵدەوەشێنرێتەوە، هێزەکانیان بۆ سنووری عێراق لەگەڵ سعودیە دەگوزارێتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدین دوای هەڵوەشاندنەوەی، بارەگایەکی لە پارێزگای موسەننا بۆ دروستدەکرێت بەناوی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی حاموڕابی.
بوونی سێ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان لە پارێزگای سەڵاحەدین
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، ئێستا سێ فەرماندەیی ئۆپراسیۆن لە سنووری سەڵاحەدین هەن بەناوەکانی (ڕۆژهەڵات، سامەڕا، سەڵاحەدین) هەر سێ ئۆپراسیۆنەکە هەڵدەوەشێتەوە و دەکرێت بە یەک فەرماندەیی ئۆپراسیۆن بەناوی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سەڵاحەدین.
گۆڕانکارییە سەربازییەکان سنووری شارۆچکەی خورماتووش دەگرێتەوە، ناوچەکانی خورماتوو، ئامرلی و فڕۆکەخانەی حلێوە، بە هەمان شێوە دەگوزارێنەوە سەر ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سەڵاحەدین.
دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، کە بە لیوای ناوچەکانی گرنگی یەک و دوو ناونراون، ڕوون نییە لەم گۆڕانکارییە سەربازییانە دەخرێنەسەر فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سەڵاحەدین یاخود نا.
سەردانەکەی ئەمڕۆی عەبدولئەمیر یارەڵا، سوپاسالاری عێراق بۆ کەرکووک، هەر لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە سەربازییانەدا دێت، کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکرێن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/211223
https://channel8.com/kurdish/news/64280
2 کاتژمێر پێش ئێستا