سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەیەکى فراوانى لەگەڵ وەزارەتى نەوت کرد
پووختەی هەواڵەکە:
- سەرۆکوەزیرانى عێراق داوایکرد کارى کۆمپانیاکانى نەوت ببێتە 24 کاتژمێری
- تاوتوێکردنی دۆخی کەرتی نەوتی عێراق ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردن
- زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و زیادکردنی تێکڕای بەرهەمەکانیان
سەرۆکوەزیرانى عێراق داوا دەکات کۆمپانیاکانى نەوت ڕۆژانە 24 کاتژمێرى کاربکەن تاوەکو بەردەوامى بە پرۆسەى بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بدرێت و تێکڕای بەرهەمەکانیان زیاد بکرێت.
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ لێپرسراوانی کەرتی نەوتی عێراق
- وەزیرانی دارایی و نەوت و بەڕێوەبەرانی گشتی کەرتی دارایی و نەوت ئامادە بوون
- تاوتوێکردنی چۆنیتی مامەلە لەگەڵ قەیرانی گەرووی هورمز
- تاوتوێکردنی پێشنیازەکان بۆ گرەنتی بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت
- پەلەکردن لە نوێکردنەوە و پەرەپێدانی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت
عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکى فراوانى وەزارەتى نەوتى کرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانى دارایی و نەوت و بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیران و بریکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە سەرجەم فەرمانگەکانى وەزارەتى نەوت ئامادەیبوون، پلان و ستراتیجى ئامادەکراوى وەزارەت، میکانیزمەکانى مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانى قەیرانى گەرووى هوورمز، تاوتوێکران، چارەسەر و پێشنیازەکان بۆ گرەنتیی بەردەوامبوونى هەناردەى نەوتى عێراق و زیادکردنى تواناى هەناردەکردن خرانەڕوو.
تاوتوێی پاشەکشەی هەناردەی نەوتی عێراق
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەى دۆخى کەرتى نەوت، ئاستەکانى بەرهەم و هەناردە لە سایەتى دۆخى نائاسایی ناوچەکە و لێکەوتە کەڵەکەبووەکانى داخستنى گەرووى هوورمز و دەرئەنجامەکانى کە بوونەتە هۆى پاشەکشەى بەرچاوى تێکڕاى هەناردەى نەوتى عێراق.
نوێکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە ، لە گرنگى پەلەکردن لە دۆزینەوەى چارەسەرى کردارى لە ڕێگەى
نوێکردنەوە و پەرەپێدانى هێڵەکانى گواستنەوەى نەوت و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ فرۆشتن و بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق.
ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت
ستایشى هەوڵەکانى وەزارەتى نەوتى کرد، داواشیکرد کارى کۆمپانیا نەوتییەکان ببێتە 24 کاتژمێری، تاوەکو گرەنتی بەردەوامى پرۆسەکانى بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و زیادکردنى تێکڕاکانیان بکات.
گۆڕینی قەیران بۆ دەرفەتی سەرکەوتن
سەرۆکوەزیران، بە پێویستى زانى وەبەرهێنان لە دۆخى ئێستادا بکرێت و قەیرانەکە بگۆڕدرێت بۆ دەرفەتى سەرکەوتن، ئەوەش لە ڕێگەى پەرەپێدانى ژێرخانى نەوت و زیادکردنى دەروازەکانى هەناردەکردن.
ڕوونیشیکردەوە، وەزارەت دەرفەت و چارەسەرى زۆرى هەیە و پێویستە بە شێوەیەکى خێرا کاریان لەسەر بکات، تاوەکو ئەنجامى خێرا و بەرچاو بەدیبهێنن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزارەتی نەوت: ڕۆژانە 5 ملیۆن لیتر بەنزین لە بەسرە بەرهەم دەهێنرێت
عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی ژاپۆنییەوە بەرهەمی بەنزین زیاد دەکات
وەزیرى نەوت: ڕۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەدەکەین
وەزارەتی نەوت: بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەی عەجیل دەگەیێنرێتە 300 ملیۆن پێ سێجا
وەزیری نەوت: بەرهەمهێنانى نەوت لە چوار کێڵگەی کەرکووک زیاددەکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا