پیلانى تیرۆرکردنى فایەق زێدان پووچەڵ کرایەوە

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

پووختەی هەواڵەکە:

  • پیلانگێڕەکان دەیانویست زێدان لە ڕێگەى درۆنەوە تیرۆر بکەن
  • هاوپەیمانى خەدەمات هەوڵى تیرۆرکردنى فایەق زێدانى پشتڕاست کردەوە
  • هاوپەیمانى خەدەمات: سەرکۆنەى ئەو هەڕەشانە دەکەین کە دەکرێنە سەر زێدان

هێزە ئەمنییەکانى عێراق پیلانێکیان بۆ تیرۆرکردنى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵای دادوەری عێراق لە ڕێگەى بەکارهێنانى درۆنەوە، پووچەڵ کردەوە.



هەواڵی میدیا عێراقییەکان


بەشێک لە میدیا عێراقییەکان و عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکانى عێراق توانیوویانە پیلانێک بۆ تیرۆرکردنى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى دادوەری عێراق پووچەڵ بکەنەوە کە پیلانگێڕەکان بەنیازبوون لە ڕێگەى بەکارهێنانى درۆنەوە کارەکەیان ئەنجام بدەن.

هۆکاری بە ئامانجگرتنی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

  • دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و کۆتایی هێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
  • دۆسیەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامانی ئەنجووومەنی نوینەران



هۆکارى بە ئامانجگرتنى سەرۆکى دادوەری عێراق بۆ دوو دۆسییەی سەرەکی دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتی دادوەری سەرپەرشتییان دەکات، ئەوانیش، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و جەختکردنەوەی زێدان لەسەر دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و دۆسییەى دووەمیان هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەڵگرتنى پارێزبەندى ئەو ئەندامانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەلایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرییەوە کە تێوەگلاون لە گەندەڵى.

گرتنەبەری ڕێکاری ئەمنیی تووند بۆ پاراستنی فایەق زێدان


لە ئێستادا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى عێراقەوە ڕێکاری ئەمنیی توند بۆ پاراستنی دادوەر فایەق زێدان و دەوروبەری شوێنی نیشتەجێبوون و کارەکەی گیراوەتەبەر.

ڕاگەیێنراوی هاوپەیمانی خەدەمات لەسەر هەواڵی بە ئامانجگرتنی زێدان



هاوپەیمانى خەدەمات هەواڵى بەئامانجگرتنى سەرۆکى ئەنجوومەنى دادوەرى عێراقى پشتڕاست کردەوە و لەو بارەیەوە ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا سەرۆکۆنەى ئەو هەڕەشانەى کرد کە دەکرێنە سەر فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى و بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە دەستووری و دادوەرییەکانی ناوبرد.

لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاوپەیمانى خەدەمات هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی سەربەخۆیی دادوەری یان کاریگەری خستنە سەر بڕیارەکانی، ڕەتدەکاتەوە.

ستایشی هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری



هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دەستخۆشى لە هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری دەکات بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵە چاکسازییەکانی دەوڵەت و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو لایەنانەی کە زیانمەندبوون لە ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پشت ئەم هەڕەشانەوەن، کە دەخوازن ڕێڕەوی چاکسازی پەکبخەن و ڕێگری بکەن لەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

هاوپەیمانییەکە داوا دەکات ڕێکاری یاسایی توند دژی ئەو لایەن و کەسانە بگیرێتەبەر کە تێوەگلاون و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

فایەق زێدان داوا لە گرووپەکانى دیکەش دەکات چەک دابنێن

فایەق زێدان: هێرشکردنەسەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکان تیرۆرستییە

دەستەى دەستپاکیى عێراق دەستبەسەرداگرتنى زێڕ و پارەى دیکەى ڕاگەیاند

فایەق زێدان گۆڕانکارى لە سەرۆکایەتی دادگاکانی چەند پارێزگایەک دەکات

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا