زیاتر لە ساڵێکە ئاژانسی ئەتۆم زانیاریی لەسەر ئێران نییە

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. فۆتۆ: AP
ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. فۆتۆ: AP

پووختەی هەواڵەکە:

  • زیاتر لە ساڵێکە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم زانیاریی لەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران نییە و پشکنینەکان وەستاون.
  • ئەمریکا و 3 وڵاتی ئەورووپی لە هەوڵی دەرکردنی بڕیارنامەیەکی هاوبەشدان دژ بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
  • ئێران هۆکاری ڕاگرتنی پشکنینەکان بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وێستگەکانی دەگەڕێنێتەوە.

زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە؛ چارەنووسی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نادیارە و زیاتر لە ساڵێکیشە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستی بە وێستگە ئەتۆمییەکانی تاران ناگات، ئەمەش وایکردووە ئەمریکا و ئەورووپا هەوڵی سزادانی ئێران بدەن لە نەتەوەیەکگرتووەکان و تارانیش هۆشداری لە دەرئەنجامەکان دەدات.


هەڵوێست و داواکارییەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم:

  • ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، ئاژانسەکە نە زانیاری لەسەر دۆخی مادە و وێستگە ئەتۆمییەکان هەیە و نە دەستیشی پێیان دەگات بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی.
  • بەڕێوەبەری ئاژانسەکە داوا لە تاران دەکات ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان بدات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە کاریگەریی ئەرێنی بۆ سەر خودی ئێران دەبێت.
  • هاوکات ئەمریکا و 3 وڵاتی ئەورووپی کار بۆ ئاراستەکردنی بڕیارنامەیەکی هاوبەش دژ بە ئێران بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن.

هەڵوێست و وەڵامی لایەنی ئێرانی:

لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی چەقبەستوویی کارەکانی ئاژانسەکە دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانیان. پێشتر محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران ئاشکرایکردبوو، ئەو فشارانەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیخەنە سەر ئاژانسەکە تەنیا بۆ ئەوەیە بزانن بەهۆی بۆردوومانەکانەوە چی بەسەر ئەو وێستگانەدا هاتووە.

زانیاریی لەسەر بابەتەکە:

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی جەنگەوە، ئەمریکا چەند جارێک وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کردووە. لە ئێستاشدا بەهۆی نەبوونی چاودێری، پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم پێشێلکراوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نیگەرانیی خۆی لە لەدەستدانی کۆنترۆڵ و نەبوونی زانیاری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەربڕیوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ئێران: بۆ ڕاگرتنی شێتییەکانی ئیسرائیل پێویستمان بە چەکی ئەتۆمە

ئێران: ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ژێر فشاری ئەمریکا و ئیسرائیل دەیەوێت پشکنین لە ئێران بکات

ڕووسیا: بەردەوام دەبین لە دروستکردنی یەکە نوێیەکانی وێستگەی ئەتۆمی لە ئێران

نەتانیاهوو: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

ترەمپ: بە فڕۆکەی B-2 کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد

ئەمریکا بۆ جاری دووەم وێستگەیەکی ئەتۆمیی لە بوشەهر بۆردوومانکرد

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا