
چەکدارانی حووسی بە پشتیوانیی ئێران پێشڕەوییەکی خێرایان بە درێژایی کەناراوەکانی دەریای سوور ئەنجامداوە و زیاتر لە 130 کیلۆمەتریان کۆنترۆڵکردووە، ئەمەش مەترسیی ڕاستەوخۆی بۆ سەر گەرووی بابولمەندەب و کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دروستکردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم پێشڕەوییە، هێزەکانی سوپای یەمەن لە بەرەکانی مەئریب ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی هەمان گرووپ بوونەتەوە و زۆربەی هێرشبەرەکانیان تێکشکاندووە، لە کاتێکدا مەترسیی کردنەوەی بەرەیەکی نوێی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە.
چەکدارانی حووسی لە دەشتی تیامە پێشڕەوییان کردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 130 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دەریای سوور، شاری بەندەریی موخا، ناوچەی زوباب، و دوورگەکانی مەیون، حەنیش و زوقەردا گرتووە.
کۆنترۆڵکردنی دوورگەی مەیون لە تەسکترین خاڵی گەرووی بابولمەندەب، توانای بەرفراوان دەداتە حووسییەکان بۆ پەکخستنی کەشتیوانی بە مووشەک، درۆن و بەلەمی هێرشبەری خێرا.
پەیمانگای چاتام هاوس هۆشداری دەدات کە ئێران لە ڕێگەی گرووپە نزیکەکانییەوە ئێستا کۆنترۆڵی دوو گرنگترین گەرووی جیهان (هورمز و بابولمەندەب) دەکات و دەسەڵاتی بەسەر زیاتر لە %35ـی بازرگانیی سووتەمەنی و نەوتی جیهاندا هەیە، کە ئەمەش هاوتای بۆمبی ئەتۆمی وەک کارتی گوشار بەکاردەهێنرێت.
شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە پاش پاشەکشەی بەشەکانی دیکەی "تەوەری بەرگری" لە غەززە، لوبنان و سووریا، تاران سەرنج و پشتیوانییە سەربازییەکانی بە تەواوی بەرەو حووسییەکان ئاراستە کردووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی حووسییەکان ڕایانگەیاندووە تەنیا کەشتییە سعوودییەکان دەکەنە ئامانج، بەڵام مەترسی لەسەر تەواوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی هەیە، هاوکات وێنە مانگییە دەستکردەکان بەئامانجگرتنی هێڵی بۆریی نەوتی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا"ی سعوودیەیان لەلایەن ئەو گرووپەوە ئاشکرا کردووە.
لە بەرامبەر ئەم پەرەسەندنانەدا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن توندترین هێرشی هاوکاتی میلیشیاکانی حووسییان لە ساڵی 2021ـەوە لە بەرەکانی ئەلمەشجەح، ئەلزەور و لوعەیرف لە پارێزگای مەئریب تێکشکاند؛ لەو شەڕانەدا حووسییەکان ئۆتۆمبێلی مەدەنیی خۆگۆڕدراویان بۆ دزەکردن بەکارهێنابوو، بەڵام سوپای یەمەن بە پشتیوانیی تۆپخانە و درۆن نزیکەی %80ـی چەکدارە هێرشبەرەکانی لەناوبرد و لە موخا و زوبابیش هێرشی ئاسمانیی دژ ئەنجامدان. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرەڕای نیگەرانیی قووڵی سعوودیە لە پەککەوتنی گواستنەوەی نەوتەکەی، داواکارییەکانی ڕیاز بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا تا ئێستا بێ وەڵام ماونەتەوە، چونکە ئیدارەی ترەمپ بەهۆی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم و ترسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دوودڵە لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە یەمەن.
مەترسی و کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی بابولمەندەب لەسەر ئابووریی جیهان
نەتەوەیەکگرتووەکان: لە یەمەن 46 هەزار کەس ئاوارە بوون
حوسییەکان لە بزووتنەوەیەکی مەزهەبییەوە بۆ دەسەڵاتداری سەرەکیی یەمەن
هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی بابولمەندەب گەیشتووەتە نزمترین ئاست

