کەناڵ8 ئاشکرای دەکات؛ عێراق دوو پلانی بۆ پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە

کەناڵ8 40 خولەک پێش ئێستا
لۆگۆی حکومەتی عێراق
لۆگۆی حکومەتی عێراق

پووختەی هەواڵەکە:

  • حکومەتی عێراق کار لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک و بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
  • بەغداد لەنێوان دوورخستنەوەیان بۆ وڵاتی سێیەم یان گواستنەوەیان بۆ کامپی بێچەک لە خوارووی عێراق یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.
  • گرووپەکانی مقاوەمە چەکدانانی خۆیان مەرجدار کردووە بە دەرکردن و بێچەککردنی تەواوی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
  • پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەڵێن تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیەیان لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە پێنەگەیشتووە.

زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی سەپاندنی سەروەریی خاک و بە مەرجی گرووپە چەکدارەکان بۆ چەکدانان، کار لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی چەکواریی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات؛ بەپێی زانیارییەکان، چارەنووسی ئەو پارتانە لەنێوان دیپۆرتکردنەوە بۆ وڵاتی سێیەم یان کۆکردنەوەیان لە کەمپە چاودێریکراوەکانی خوارووی عێراقدا یەکلایی دەکرێتەوە.


پلانی حکومەتی عێراق

  • دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێت تەواوی ئەو چەکانە کۆنترۆڵ بکەن کە لە دەستی پارتە دژبەرەکانی ئێراندان لەناو هەرێمی کوردستان.
  • بژاردەی یەکەمی بەغداد بریتییە لە ناردنە دەرەوەی سەرجەم ئەندام و چەکدارانی ئەو پارتانە لە خاکی عێراقەوە بۆ وڵاتی سێیەم.
  • بژاردەی دووەم بریتییە لە چەککردنی تەواوەتییان و گواستنەوەیان بۆ کامپێکی دەستبەسەرکراو لە خوارووی عێراق، لەژێر دەسەڵات و چاودێریی ڕاستەوخۆی حکومەتی فیدراڵدا.
  • هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕێکارانە ئەوەیە کە گرووپەکانی مقاوەمە لە عێراقدا، چەکدانانی خۆیان بەستووەتەوە بە چەککردن و دەرکردنی تەواوەتیی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەڵوێستی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە بەرامبەردا، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە بە فەرمی ئاگاداری هیچ هەنگاوێکی لەو شێوەیە نین؛ دوو بەرپرسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کەناڵ8ـیان ڕاگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی عێراقی یان هەرێمی کوردستان پەیوەندیی پێوە نەکردوون و هیچ داوایەکی چۆڵکردنی ناوچەکانیان لێ نەکراوە.

زانیاری لەسەر بابەتەکە:

عێراق و ئێران لە ساڵی 2023 ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنییان واژۆکرد و دواتر لە ساڵی 2025 هەموارکرایەوە؛ یەکێک لە سەرەکیترین بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە پابەندکردنی بەغدایە بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان و داماڵینی تەواوەتیی چەکەکانیان.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

ئێران و عێراق لەسەر رێککەوتننامەی ئەمنیی بەغداد و تاران و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کۆبوونەوە

شاندی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تاوتوێی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانیان کرد

5 مەرجی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بۆ چەکدانان پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە

قالیباف و عەبوودی: پابەندین بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی بەغداد و تاران

بەغداد و هەولێر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی ئێرانیان تاوتوێکرد

پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکان تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بوو بۆ ئێران

کەناڵ8

40 خولەک پێش ئێستا