ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى پارتى دەستیلەکارکێشایەوە

لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان.

فارس بریفکانى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە پاساوى ئەوەى حیزبەکەى شایستەى هەڵبژاردنی وەرنەگرتووە، دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکرد و لەلایەن ئەندامانى ئەنجوومەنەکەوە پەسەند کرا.

بریفکانى، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان دووەم گەورەترین فراکسیۆنى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوایە، مافى ئەوەى هەبووە پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە وەربگرێت، بەڵام بەهۆى ململانێى سیاسییەوە شایستەى هەڵبژاردنى وەرنەگرتووە.

رۆژى پێنجى شوبات، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجامدا و ئەحمەد حاسود، بە سەرۆکى ئەنجوومەنەکە و عەبدولقادر دەخیل، بە پارێزگارى نەینەوا هەڵبژێردران.

رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023  دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 15 پارێزگا جگە لە هەرێمی کوردستان، بە شاری کەرکوکیشەوە دەستیپێکرد تیایدا پێنج ھەزار و 904 کاندید رکابەریی بەدەستھێنانی 285 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان کرد.

لە پارێزگای نەینەوا لەسەر ئاستی حیزبە كوردییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەدەستهێنانی 141 هەزار و 52 دەنگ چوار كورسی ئەنجوومەنەكەی بردەوە و هاوپەیمانێتیی ئەهلی نەینەوا كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئەندامە لە هاوپەیمانێتییەكە بە بەدەستهێنانی 50 هەزار و 606 دەنگ دوو كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكەی بردەوە.

دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.

ھاوکات لە ساڵی 2005ەوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای بە بیانووی جیاجیا، ئەنجامنەدراوە.