ریال مەدرید ده‌یه‌وێت لەسەر ڕێچکەی سەرکەوتن بەردەوام بێت

لە هەفتەی 29ی لالیگا سەردانی یاریگەی "ئیل سادار" دەکات و دەبێتە میوانی یانەی ئۆساسۆنا، بۆ ئەم مەبەستەش، کارلۆ ئەنچیلۆتی بە باشی ئامادەکاریی بۆ یارییەکە کردووە، لە دوایین راهێنانیشدا هەمووان ئامادەبوون جگە لە پێکانە درێژخایەنەکان و جوود بێلینگهام، کە بەهۆی کارتە سوورەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا دوواین یاریی لە سووڕی سزادان بەڕێدەکات، جگە لەوە هیچ یاریزانێکی مێرەنگی غیاب نەبووە.

یانەی شاهانە ئاواتەخوارە لەم یارییەشدا لەسەر ڕێچکەی سەرکەوتن بەردەوامبێت، دوای ئەوەی لە دوایین یاریی خولەکەدا بە چوار گۆڵی بێوەڵام سێلتای ڤیگۆی خستە ریزی قوربانییەکانی ئەم وەرزەوە، هەموو ئەمانەش هەنگاونانێکی درووستە بەرەو ناسناوی لالیگا، ئەو ناسناوەی لە 2022وە بەرشلۆنە خاوەندارییەتی دەکات.

"لۆس بلانکۆس" لەم وەرزەدا بەکۆکردنەوەی 69 خاڵ پێشەنگیی لالیگای گرتووە و بە حەوت خاڵی تەواو پێش جیرۆنای رکابەری و هەشت خاڵ پێش بەرشلۆنە کەوتووە، نایانەوێت لەم کاتە هەستیارەدا کە خولەکە 10 یاریی ماوە، هیوایەک بە رکابەرەکانیان ببەخشن.

لە بەرامەردا، یانەکەی پامپێلۆنا بە 36 خاڵەوە بێهیوا نییە و دەکەوێتە خانەی دەیەمی ریزبەندیی لالیگاوە، پێویستییەکی زۆری بە سەرکەوتنە بۆ گەیشتن بە یەکێک لە پلە ئەوروپییەکان، یاخود گەیشتن بە پاڵاوتنەکانی یۆرۆپالیگ.

لە رووی ژمارەییەوە یانەکەی یاگۆبا ئاراساتێ لەدوایین هەشت یاریی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا تەنیا یەک شکستی تۆمارکردووە، چوار لە سەرکەوتنەکانیشی بە گۆڵی خاوێنەوە بووە، لەلایەکی دیکەوە یانەی شاهانە لەدوایین 10 یارییدا هیچ شکستێکی تۆمار نەکردووە و لە چوار سەردانی رابردووشیدا بۆ ئیل سادار سێ سەرکەوتن و یەکسانبوونێکیان نووسیوەتەوە، بۆیە پێدەچێت پاڵێوراوێکی باشتربێت بۆ سەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمشەودا.