وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق: رێکارەکانی دابەزاندنى نرخى گۆشت تەنیا بۆ مانگى رەمەزان نابێت

گۆشتفرۆشێک لەناو بازاڕى شارى سلێمانى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، رێکارەکانیان بۆ دابەزاندنى نرخى گۆشت تەنیا بۆ مانگى رەمەزان نابێت و پێنج ملیار دیناریش بۆ پاڵپشتیى بەخێوکەرانى گامێش تەرخاندەکات.

مەهدى سەهر جبورى، بریکارى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، حکومەت و وەزارەتەکەیان کۆمەڵێک رێکار و بڕیارى دەرکردووە بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا و ماددە خۆراکى و کشتوکاڵییەکان لە مانگى رەمەزاندا، لەوانە رێگەدان بە هاوردەکردنى ئاژەڵى زیندوو بۆ سەربڕین و بەخێوکردن، هەروەها هاوردەکردنى گۆشتى سوور و دابەزاندنى رەسمى گومرگى بە رێژەى 50% بۆ هاوردەکردنى ئاژەڵ لە دەرەوەى عێراق.

گوتیشى، وەزارەتەکەیان بڕى پێنج ملیار دینارى تەرخانکردووە بۆ پاڵپشتیى بەخێوکەرانى ئاژەڵ بەتایبەت بە خێوکەرانى گامێش لە باشوورى عێراق لە پێناو کڕینى ئالیک و دابەشکردنى بە بێبەرامبەر، هەروەها دابەشکردنى گەنمەشامى بەسەر بەخێوکەرانى ئاژەڵ لە سەرتاسەرى وڵات بە نرخى پاڵپشتیکراو.

بریکارى وەزارەتى کشتوکاڵ جەختیشیکردەوە، رێکارەکانیان بۆ دابەزاندنى نرخى گۆشت تەنیا بۆ مانگى رەمەزان نابێت.