سێلین دیۆن بەهیوایە نەخۆشییەکەی ببەزێنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگەکان

سێلین دیۆن، هونەرمەندی کەنەدی، جەختی لەوەکردەوە، سوورە لەسەر بەزاندنی نەخۆشییەکەی و گەڕانەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ.

لە رۆژی جیهانی هۆشداری لە نەخۆشی "ستیڤ پێرسن سیندرم"، کە سێلین دیۆن ماوەی چەند ساڵێکە تووشی بووە، لە هەژماری ئینستاگرامەکەی وێنەیەکی لەگەڵ سێ منداڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەژێر وێنەکەدا پەیامێکی نوسیوە، دەڵێت، "بەزاندنی ئەم نەخۆشییە و چاکبوونەوە لێی قورسترین ئەزموونی ژیانی بووە".

دیۆن کە لە پایزی ساڵی 2022 دەرکەوت تووشی ئەو نەخۆشییە بووە، گوتوویەتی، "هێشتا سوورم لە گەڕانەوە بۆسەر تەختەی شانۆ و ژیان بە شێوەیەکی سروشتی".

ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردووەتەوە، سوپاسگوزارە بۆ خۆشەویستی و پشتگیریی مناڵەکانی و خێزانەکەی و هەموو گروپەکەی.

دوایین دەرکەوتنی سێلین دیۆن لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لوس ئانجلوسی ئەمریکی بوو، لە سەرەتاکانی مانگی شووباتی رابردوودا، لەو کاتەی کە خەڵاتی ئەلبوومی ساڵی بەخشییە تایلەر سویفت.

سێلین ماری کلۆدێت دیۆن، ساڵی 1968 لە کبیک لەدایکبووە، خانمە هونەرمەندێکی کەنەدییە، بە شاژنی گۆرانییە بەهێزەکان ناسراوە، بە دەنگی بەهێز و تواناکانی ناوبانگی دەرکردووە، تاوەکو ئێستاش بە یەکێک لە هونەرمەندە پڕفرۆشەکان و باشترین گۆرانیبێژەکان دادەنرێت.

کۆتا جار کە سێلین دیۆن توانیویەتی کۆنسێرت بکات، مانگی ئازاری ساڵی 2020 بوو لە شاری نیوارک لە رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دوای ئەوەش گەشتە جیهانییەکەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19ـەوە وەستا، لە ساڵی 2021ـشدا نیشانەکانی نەخۆشییە دەگمەنەکەی لێدەرکەوت.

نەخۆشی "ستیڤ پێرسن سیندرم" لە ملیۆنێکدا تووشی کەسێک دەبێت، تووشبوو ئازارێکی زۆری هەیە و جوڵەی قورس دەبێت، ئەمەش وایلێدەکات نەتوانێت چالاکییە ماندووکەرەکان بەجێبگەیەنێت.

لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا، "ئەمازۆن برایم ڤیدیۆ" رایگەیاند، بەڵگەفیلمێک لەبارەی ئەو گۆرانیبێژە بە ناوی "I Am: Celine Dion" دەردەکات، لە رێگەیەوە دەیەوێت ئاستی هۆشیاری لەم نەخۆشییە بەرز بکاتەوە.