لە بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی بایکۆت بەردەوامە

بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

ماوەی دوو رۆژە، بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە بەشێک لە فەرمانگەکانی سلێمانی، بایکۆتی دەوامیان کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، کارمەندانی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، خانەنشینی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی بانکی خانەنشینی، بەشێک لەنەخۆشخانەکان و فەرمانگەکانى دادنوسى، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کرد و مامەڵەی هاوڵاتییان راییناکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، 18 رۆژ بەسەر مانگی سێدا تێپەڕیوە بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی دوو دابەشنەکراوە.

رۆژی دووشەممە 11ـی ئازاری 2024، وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى  فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، چاودێریى کۆمەڵایەتى، کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینانى مەدەنى و سەربازیى خستەر هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان.

وەزارەتەکە دەشڵێت: "حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرپرسە لە راستی و دروستیى ئەو زانیاریی و داتایانەى پێشکەشى وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراقى کردووە".

وەزارەتى دارایى عێراق، لە گوژمەى یەکەمیدا، بڕى 130 ملیار و 995 ملیۆن دینارى رەوانەى هەرێمى کوردستان کرد، دواتر گوژمەیەکی دیکەی رەوانە کرد و کۆی گشتیی پارەی نێردراو پێکهاتووە لە 560 ملیار دینار.

وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ مووچەى مانگانە پێویستى بە 913 ملیار دینار هەیە، لە داهاتى نانەوتى کە مانگانە 320 ملیار دینارە، کورتهێنانى مووچەى پێ پڕدەکاتەوە.

هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی رانەگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی 560 ملیار دینار بۆ مووچە چووەتە سەر حیسابی بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری رانەگەیاندنی لیستی مووچەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە بەغداد بەشە پارەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.