سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى: شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد ناکات

کۆبوونەوەیەکى پێشووى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرپرسانى بەغداد.

پاشئەوەى پێشتر وەزارەتى دارایی رایگەیاندبوو، لەم هەفتەیەدا شاندێکى حکومەت بۆ چارەسەرکردنى پرسى مووچە سەردانى بەغداد دەکات، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی بێ ئاشکراکردنى هۆکارێک رایگەیاند، ئەم هەفتەیە شاندەکە ناچێتە بەغداد.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى حومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "هیچ شاندێک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پرسى مووچە و بودجە سەردانى بەغداد ناکات".

ئاماژەى بەوەشکرد، "هیچ ئامادەکاریەکیان نەکردووە بۆ ئەوەى بەمنزیکانە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پرسى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد بکات".

بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێشەوا هەورامانى، گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لە بارەى دابەشنەکردنى مووچە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن".

رۆژی 11ـى ئازارى 2024، وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 560 ملیار دیناری خستەسەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکى ناوەندیی عێراق، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان تاوەکو ئێستا وادەى دابەشکردنى مووچەى مانگى شوباتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دیاری نەکردووە و داواى پارەى زیاتر لە بەغداد دەکات.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 12ـى ئازار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، "بۆ مووچەی مانگی شوبات داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغداد کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە".