باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: لە بڕیارەکەی پارتی نیگەرانین

ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق. فۆتۆ: گوگڵ

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق دەڵێت: "نیگەرانین لە راگەیاندنی پارتی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان".

ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق رایدەگەیەنێت "داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمى کوردستان دەکەین دڵنیایی بدەن کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەر و شەفاف و متمانەپێکراو دەبن".

ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق هێما بۆ ئەوە دەکات، هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لە سەر داهاتوویان.

رۆژی دووشەممە 18ی ئازار لە راگەیەندراوێکدا مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکومەتى سودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".

باس لەوەشکراوە، لە روانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت.