لەم هەفتەيەدا وەزيری دەرەوەی ئەمريکا سەردانی سعوديە و ميسر دەکات

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. (AP)

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا رايگەياند، ئەنتۆنی بلينکن، وەزيری دەرەوەی ئەمريکا لەم هەفتەيەدا سەردانی سعوديە و ميسر دەکات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی غەززە و زيادکردنی هاوکارييە مرۆييەکان بۆ ناوچەکانی فەڵەستين.

ماتيۆ ميلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا رايگەياند، رۆژی چوارشەممە بلينکن سەردانی سعوديە دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ریاز گفتوگۆ دەکات، رۆژی پێنجشەممەش دەچێتە قاهيرە و بەردەوامیی بە گفتوگۆکانی دەدات لەبارەی ئاگربەستی غەززەوە.

راشيگەياند، بلينکن تاوتوێی هەوڵەکان دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی دەستبەجێی ئاگربەست، کە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان مسۆگەر بکات.

گوتیشی: "بلینکن هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕتر دەکاتەوە بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەیەوێت هەماهەنگی لەسەر پلانی دوای شەڕ بۆ غەززە دەستەبەر بکات، لەوانەش دڵنیابوون لەوەی کە حەماس چیتر ناتوانێت حوکمڕانی بکات یان هێرشێکی لەو جۆرە دووبارە بکاتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا گوتيشی: "بلینکن باس لە رێبازێکی سیاسی بۆ گەلی فەڵەستین دەکات کە دڵنیایی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بناغەيەک بێت بۆ ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا".

میلەر دەشڵێت، وەزيری دەرەوەی ئەمريکا پرسی کۆتاییهێنان بە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان دەوروژێنێت، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی سەقامگیریی و ئاسایش لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

ئەم سەردانە دەبێتە شەشەم سەردانی بلينکن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئيسرائيل و حەماسەوە لە حەوتی تشرينی يەکەمى ساڵى رابردوو.