جەلال مەلەکشا.. شاعیری نوێخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان

لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگە نوێخوازە شیعرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لە ئاستی نووسینی شیعری بەرگرییدا، ناسراو بووە، جەلال مەلەکشا، لە رێکەوتی 19ی ئازاری 1952، لەدایکبووە.

جەلال رەحیمی مەلەکشان، ناسراو بە جەلال مەلەکشا، لە گوندی مەلەکشانی سەر بە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، یەکەم منداڵی خێزانەکەی بووە، پێش دەستپێکی قۆناغی خوێندن، لەسەر دەستی عەبدولرەزای مامی فێری خوێندنەوە و نووسین بووە، وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، بە پێنج ساڵی، مامی هاندەری بووە بۆ لەبەرکردنی شیعرە کلاسیکییە کوردییەکان، بەتایبەتی شیعرەکانی نالی و مەحوی، بەهۆی مەرج و یاسا توندەکانی ئێران لەسەر زمانی کوردی، ناچار بووە بە فارسی بخوێنێت.

جەلال مەلەکشا، نووسەر، شاعیر، رەخنەگر و چالاکوانی سیاسی بووە، هەر زوو، دەستی داوەتە نووسین و کاریگەریی لەسەر ئەدەبی هاوچەرخی کوردی و فارسییدا دروستدەکات، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم بووە لە ئەدەبیاتی فارسییدا، بەهۆی نووسینی شیعر لە ئاستی سیاسییدا، دوچاری پلار و گرتن و لێپێچینەوە دەبێتەوە، لە ئاستی زینداندا، ئاشنای گروپە چەپە سیاسییەکانی کورد دەبێت.

بە گوتەی خۆی، لە پۆلی چواری سەرەتاییدا، یەکەم شیعری نووسیوە، لە قۆناغی لاوێتییدا، شیعرەکانی بەهێز دەبن و بە زمانی فارسی گەشتە ئەدەبییەکەی دەستپێدەکات، ساڵی 1978، لەگەڵ راپەڕینی گەلانی ئێران، شیعرەکانی بە کوردی دەنووسێت و لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا وەکو نووسەر و شاعیرێکی دیاری کورد ناوبانگ پەیدادەکات، لە ئاستی ئەفسانەدا، بەردەوام سوودی گەورەی بینیوە، لە سێ ئاراستەی سەرەکییشدا، ناوەڕۆکی بابەتەکانی هۆنیوەتەوە، لەوانە: کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و مرۆڤایەتی.

ساڵی 1972، چوار ساڵ زیندانیی دەکرێت، پاش ئازادکردن، بۆ جارێکی دیکە دەخرێتەوە زیندان، لەم قۆناغەدا، دەست دەکات بە نووسینی چیرۆک و لە گۆڤارە فارسییەکاندا بڵاویاندەکاتەوە، بە نووسینی چیرۆک لە ناوەندی زیندانەوە، دیوێکی جیاواز لە ژیانی ئەدەبی خۆی تۆمار دەکات، بەشێوەیەکی گشتی، لە ماوەی ژیانی خۆیدا، ماوەی 12 ساڵ لە زینداندا بەسەردەبات.

ساڵی 1977، وێڕای نەبوونی هیچ بەرهەمێکی چاپکراو، بەڵام بەهۆی بەهێزی دەقەکانیەوە، وەکو ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران وەردەگیرێت، ئەندامێتیی لەم کانوونەدا، هۆکارێکی گەورەی دەبێت بۆ نزیکبوونەوەی لە ئەدیب و شاعیرە گەورە و دیارەکانی ئەو سەردەمەی ئێران، لەوانە: مەهدی ئەخەوان سالیس، ئەحمەد شاملوو، هۆشەنگ گوڵشێری و مەحموود ئیعتیمادزادە، هاوکات ئاشنایەتییەکی گەورەی لەگەڵ نووسەرە دیارەکانی کورد هەبووە، لەوانە: هێمن، هەژار، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، شێرکۆ بێکەس و مارف خەزنەدار و چەنەدانی دیکە.

لەژێر فشار و سزای بەردەوامی رژێمە جیاوازەکانی ئێراندا، جەلال مەلەکشا چیتر ناتوانێت دۆخی نالەبار و ناسەقامگیری خۆی پەسەند بکات و بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە کۆت و بەند، روو لە باشوری کوردستان دەکات و لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ژیاوە، هاوکات لە بەغدادی پایتەختی عێراقیش ژیانی بەسەربردووە، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.

زمانی نووسینی مەلەکشا، سوود و قازانجێکی گەورەی لە زمانی ئەفسانەیی وەرگرتووە، لە ئاستی شیعری بەرگرییدا، سەردار بووە و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا شیعری بەرگریی گەیاندووەتە قۆناغێکی گەورەتر، لە دوو ئاستی زمانی فارسی و کوردییدا کاریگەر بووە بە چەندین نووسەر، بۆ فارسی هەریەک لە نووسەران، نیما یوشیج، مەهدی ئەخەوان، سالیس و ئەحمەدی شاملوو، بۆ کوردیش هەریەک لە نووسەران، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا گۆران.

هاوتای نووسینی شیعر، ژمارەیەکی دیار لە چیرۆک، نووسینی رۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانی هەبووە، کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی، ئینگلیزی، فەرەنسی، رووسی، عەرەبی، سویدی و فارسی.

ساڵی 2004، بەشێوەیەکی نهێنی، توانیویەتی یەکەم کتێبی شیعری خۆی بەناوی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان" بڵاوبکاتەوە، پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە و لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتە، چاپی دووەمی بۆ کراوە، پاش تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر ئەم رێکەوتەدا، کتێبێک بەناوی "کۆی بەرەهەمە شیعرەییەکانی جەلال مەلەکشا"، بە دوو بەشی کوردی و فارسی، بەشێوەیەکی نهێنی چاپکراوە و بڵاوبووەتەوە، پاش دوو ساڵ، بەشێوەیەکی باشتر و لەژێر سەرپەرشتی خۆی، چاپی نوێی بڵاودەکاتەوە.

لە ئاستی وەرگێڕاندا، جەلال مەلەکشا دەستێکی کاریگەر و دیاری هەبووە، توانیویەتی بەرهەمی ئەدیبە گەورەکانی کورد، لەوانە: شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت و جەوهەر کرمان بۆسەر زمانی فارسی وەرگێڕێت.

لە کورتە شیعرێکیدا، جەلال مەلەکشا دەنووسێت:

چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەیگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
رێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەس ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم!

دوایین ساڵەکانی ژیانی خۆی، بە گۆشەگیریی بەسەربردووە، وێڕای تووشبوونی بە نەخۆشی، بەردەوام بووە لە نووسین و چەندین بەرهەمی چاپنەکراوی پاش خۆی جێهێشتووە.

پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی درێژخایەندا، رێکەوتی 31ی تشرینی یەکەمی 2020، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، لە تەمەنی 68 ساڵییدا، کۆچیدوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنە، بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و سروودی ئەی رەقیب، تەرمەکەی بەڕێکراوە و بەخاک سپێردراوە.