ئەمریکا بەبڕى زیاتر لە دوو ملیار دۆلار تانک بەبەحرەین دەفرۆشێت

کۆبوونەوەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانى بەحرەین. فۆتۆ: AP

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، رەزامەندى دەربڕى لەسەر فرۆشتنى تانک، بەبڕى دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بە بەحرەین.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، داوایان لە کۆنگرێس کردووە، رەزامەندى دەربڕێت بە فرۆشتنى 50 تانک لەجۆرى (ئێم1 ئەى2) بە وڵاتى بەحرەین، کە بڕى گرێبەستى فرۆشتنەکە دوو ملیار و 200 ملیۆن  دۆلارى ئەمریکییە.

بەگوێرەى زانیارى میدیا جیهانییەکان، پێشبینیدەکرێت کۆنگرێس شکست بە گرێبەستەکە بهێنێت و رەزامەندى دەرنەبڕێت، چونکە هێشتا بەحرەین لەژێر ئابڵوقە سەربازییەکانى واشنتندایە، بەهۆى ئەو سەرکوتکردنەى خۆپیشاندانێکى شیعەکانى لەساڵى 2011، بەوهۆیەوە باراک ئۆباما، سەرۆکى ئەوکاتى ئەمریکا بڕیاریدا بۆماوەى چوار ساڵ ئابڵۆقەى سەربازى بخرێتەسەر بەحرەین.

لەسەردەمى سەرۆکایەتى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى پێشووى ئەمریکا دۆخى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و بەحرەین ئاسایی بووەوە، کاتێک ترەمپ گوتى: "حکومەتى مەنامە دانى بەدەوڵەتى ئیسرائیلدا ناوە".

حکومەتى مەنامە بەیەکێک لەو وڵاتانە هەژمار دەکرێت، کە هاریکارییەکى سەربازى بەهێزى هەیە لەگەڵ واشنتن، لەو چوارچێوەیەش کەشتیگەلى پێنجەمى سەربازى ئەمریکا، لە یەکێک لە بەندەرەکانى بەحرەین لەنگەرى گرتووە.

رۆژى 13ـى ئەیلوولى 2023، هەریەک لە ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و سەلمان بن محەمەد ئال خەلیفە، سەرۆکوەزیرانى بەحرەین، لەمیانەى کۆبوونەوەیەک لەناو باڵەخانەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، گرێبەستێکى ئەمنى و ئابوورییان واژۆکرد، کە چوارچێوەى گرێبەستەکە بوارەکانى بەرگرى و ئاسایش و تەکنەلۆجیا و بازرگانى بوون.