سعودیە 40 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆنروا تەرخانکرد

پێش رووداوەکانى کەرتى غەززە، منداڵانى ئەو کەرتە ناوى ئۆنراوایان نمایشکردووە. فۆتۆ: AP

حکومەتی سعودیە رایگەیاند، بەبەهای 40 ملیۆن دۆلار، هاریکاری و کۆمەکی بۆ ئاژانسی پەنابەرانی فەڵەستینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە ئۆنروا تەرخانکرد.

سەنتەری شا سەلمان، بۆ کاری فریاگوزاری و خێرخوازیی مرۆیی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئامانج لە تەرخانکردنی ئەو هاوکارییانە، پشتیوانیکردنی هەوڵە فریاگوزارییەکانە، کە ئاژانسی ئۆنروا لە کەرتی غەززە پێشکەش بە دانیشتووانەکەی دەکات.

سەنتەری شا سەلمان ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو کۆمەکە فریاگوزارییەکاندا، خۆراکی پێویست بۆ 250 هەزار کەس و چادر بۆ 20 هەزار خێزان لە کەرتی غەززە تەرخانکراوە.

سەنتەری شا سەلمان، لە نزیکەی 94 دەوڵەت کۆمەکی فریاگوزاریی پێشکەشدەکات، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووشدا، بری 15 ملیۆن دۆلاری وەک کۆمەک پێشکەش بە ئۆنروا کرد، کە بەشێکی پێکهاتبوو لە خۆراک و دەرمان.

لە دوای تۆمەتبارکردنی رێکخراوی ئۆنروا لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە ژمارەیەک لە کارمەندەکانی بەشداریی هێرشەکەی حەماسی رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەریان کردووە، ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان  هاوکاریی و کۆمەکە فریاگوزارییەکانیان بۆ ئۆنروا راگرت.

رێکخراوی ئۆنروا لەساڵی 1949 دامەزراوە و بە بڕبڕەی پشتی هاوکارییە مرۆییەکان دادەنرێت لە خاکی فەڵەستیندا.