شێرپەنجە تەنگ بە کۆشکی شاهانەی بەریتانیا هەڵدەچنێت

خێزانی شاهانەی بەریتانیا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، پاش ئەوەی ژمارەیەک ئەندامی لەماوەی دوو مانگدا تووشبوونیان بە نەخۆشیی شێرپەنجە راگەیاند.

رۆژی 22ی ئازاری 2024، کەیت میدڵتۆن، شازادەی وێڵز ئاشکرایکرد، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و چارەسەری کیمایی وەردەگرێت.

کەیت پاش چەند هەفتەیەک لە دیارنەمانی، ئەنجامدانی نەشتەرگەری و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جیاواز لەبارەى تەندروستییەوە، ئاشکرایکرد تووشی شێرپەنجە بووە و نەخۆشییەکەی لە ئاستی یەکەمدایە.

زانیاریی زیاتر سەبارەت بە تەندروستیی شازادەی وێڵز ئاشکرانەکراوە، تەنیا کۆشکی کینگستۆن لە لەندەن هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست.

کەیت یەکەم ژنی ئاسایی بوو پاش 350 ساڵ هاوسەرگیریی لەگەڵ شازادەیەک بکات، ساڵی 2011 لەگەڵ شازادە ویلیام هاوسەرگیریی کرد و بوو بەیەکێک لە ئەندامانی خێزانی شاهانە.

پێشتر و لەرێکەوتی 5ـی شوباتی 2024، کۆشکی بەکینگهام، تووشبوونی شا چارڵزی سێیەمی شانشینی یەکگرتووی بە شێرپەنجە راگەیاند و ئاشکرایکرد، شا چارڵز نەخۆشییەکەی لە قۆناغی سەرەتادایە و سەرقاڵی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییە.

هەروەها لەمانگی کانوونی دووەمی 2024، سارە فێرگسۆن، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی خێزانی شاهانە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی نەخۆشییەکانی مەمک، ئاشکرابوو کە تووشی شێرپەنجەی پێست بووە.