لە سلێمانى بایکۆتى بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستیپێکرد

وێنەى ئەرشیفى خۆپیشاندانى مامۆستایانى ناڕازى لە سلێمانى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بایکۆتى بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەهۆى دواکەوتنى مووچەکانیان دەستیپێکرد، بایکۆتى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى شارەکەش ماوەى هەفتەیەکە بەردەوامە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ى ئازارى 2024، مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، "بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان لەمڕۆوە بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانى ژمارەیەک خوێندنگا و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆى سلێمانى بایکۆتى دەوام دەکەن".

بەگوێرەى زانیارییەکان، هەر ئەمڕۆ بەشێک لە فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی، سەرجەم بانكە حكومیەكان، دادگای سلێمانی، کارتی نیشتمانی و ژمارەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتی بایکۆتى دەوام دەکەن".

هاوکات، بەشێک لە کارمەندانى کەرتى تەندروستى لە نەخۆشخانەى شار و بەشێک لە مەڵبەندەکان بایکۆتى دەوامیان دەستپێکردووە و کارمەندانى نەخۆشخانەی گشتی کەلاریش لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە بایکۆتى دەوامیان دەستپێکردووە.

ماوەى هەفتەیەکە بایکۆتى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان بەردەوامە، فەرمانبەران و مامۆستایان داوا دەکەن مووچەکانیان پێبدرێت.

رۆژی شەممە 23ى ئازارى 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا لە سلیمانی لەبارەی کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات گوتى، "چاوەڕوانى بەغدادن مووچەى سەرجەم مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بنێرێت، ئەوانیش دەستبەدابەشکردنى دەکەن".