یاری لوتکەی ئاكرێ و پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت

یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان پێدەنێتە هەفتەکانی کۆتاییەوە و تەنیا پێنج هەفتە تاوەکو ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزە ئاشکرابێت، کە سێ یانەی پێشەوەی ریزبەندی لە کێبڕکێیەکی بەهێز و قورسدان بۆ یەکلاکردنەوەی ناسناوەکە، ئەوانیش پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوانی وەرزی رابردووە لەگەڵ شێروانە و ئاکرێ.

جیاوازی خاڵەکانی لەنێوان ئەو سێ یانەیەدا بەجۆرێکە لەئەگەری هەر یەکسانبوون و شکستێک یەکێکیان پێشەنگی خولەکە وەردەگرێت و پێش رکابەرەکانی دەکەوێت.

ئەمڕۆ لە یاری لوتکەی هەفتەی 25ی خولەکە، ئاکرێ دوایین یاری خۆی لە یاریگە کۆنەکەی ئەنجامدەدات، کە لە ساڵەکانی رابردوو بەهۆی خراپی یاریگەکەوە کێشەیەکی زۆری بۆ یانەکان دروستکردبوو.

ئاکرێ لە یارییەکی چارەنوسسازدا میوانداری پێشمەرگەی هەولێری پێشەنگ دەکات، کوڕانی دەڤەری بادینان چاویان لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە تاوەکو پێشەنگی ریزبەندی لە میوانەکەیان وەربگرن، بەڵام ئەرکی یانەی ئاکرێ ئاسان نابێت، چونکە رووبەڕووی تیپێک دەبێتەوە کە سێ جار ناسناوەکەی بەدەستهێناوە و کوڕانی سەمیر بابۆ سوورن لەسەر پارێزگاریکردن لە ناسناوی خولەکە بۆ دووەمین وەرزی لەسەریەک.

پێشمەرگەی هەولێر خاوەنی 42 خاڵە و لەم وەرزەدا پێنج جار دووچاری شکستبووە، ئاکرێی رکابەریشی شەش شکستی نوسیوەتەوە و بەجیاوازیی تەنیا یەک خاڵ لەدوای ئەو یانەیەوە، کە جگە لە بردنەوە هەر ئەنجامێکی دیکە لە یارییەکەدا خزمەتێکی گەورە بە یانەی شێروانەی نوێنەری گەرمیان دەکات.