عێراق بۆ گه‌یشتن به‌ قۆناغى داهاتوو رووبەڕووی فیلیپین دەبێتەوە

هەڵبژاردەی عێراق لەپێنجەم یاری پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027، لەدەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی هەڵبژاردەی فیلیپین دەبێتەوە.

شێرەکانی رافیدەین لە پاڵاوتنەکاندا لەلوتکەی ئاستیاندان و یەکێکن لەو شەش هەڵبژاردەیەی کیشوەرەکە، کە تاوەکو ئێستا سەرجەم یارییەکانی بردووەتەوە و چاوی لەبەدەستهێنانی چوارەم بردنەوەیە لەکۆمەڵەکەیدا لەپێناو یەکلاکردنەوەی پێشەنگی و مسۆگەرکردنی گەیشتنی بە قۆناغی داهاتووی پاڵاوتنەکان.

تیپەکەی خیسۆس کاساسی ئیسپانی پێنجشەممەی رابردوو لەناو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە میوانداری فیلیپینی کرد و لەدوایین خولەکەکان موهەنەد عەلی هێرشبەری یانەی شورتە بەگۆڵێکی کوشندە سێ خاڵی گرنگی بە هەڵبژاردەکەی بەخشی، هاوکات رێگەیان نەدا فیلیپین یەکەم بردنەوە لە پاڵاوتنەکاندا بەدەستبهێنێت.

بۆ یارییەکەی فیلیپین عێراق تواناکانی ئەیمەن حسێنی ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکەی بۆ دەگەڕێتەوە، کە لە یاری رابردوو دوایین یاری سزاکەی تەواوکرد و ئێستا بەردەستە تاوەکو لەهێڵی هێرشبەریدا کاساس پشتی پێببەسترێت.

عێراقییەکانی بەسەرکردایەتی راهێنەرە ئیسپانییەکەیان ئامانجیان ئەوەیە بۆ دووەمجار لەمێژوودا بەشداری مۆندیال بکەن کە لە ساڵی 1986 وە گرێ کوێرەی بەشداریکردنی مۆندیالیان بۆ نەکراوەتەوە سەرەڕای ئەوەی لەو ساڵەشدا هەر سێ یارییەکەیان دۆڕاند و لەقۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاواییان کرد ، بەڵام شێرەکانی میسۆپۆتامیا بەبەهێزی دەستیانپێکردووەتەوە و لە سێ یاریی رابردوودا نۆ خاڵیان لە ئیندونیسیا و ڤێتنام و فیلیپین وەرگرتووە.