سووربوونەوەی شوێنی دایبی چییە؟

سووربوونەوەی شوێنی دایبی جۆرێکی هەوکردنی پێستە کە وەکو پەڵەی سوور لەسەر سمت، ران و ئەندامانی زاوزێی منداڵان دەردەکەوێت. لەگەڵ ئەوەی ئەم حاڵەتە لە ناو منداڵاندا باوە، بەڵام هەر کەسێک دایبی بەکاربهێنێت دەکرێت تووشی ببێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم حاڵەتەش نەگۆڕینی دایبییە بۆ ماوەیەکی درێژ.

سووربوونەوەی شوێنی دایبی دەکرێت بەئاسانی لە ماڵەوە چارەسەربکرێت بە چەند رێگەیەکی ئاسان و سادە، وەکو وشککردنەوەی شوێنەکە بە موجەفە، گۆڕینی زیاتری دایبی و بەکارهێنانی کرێم.

نیشانەکان:

  • لە شوێنی دایبییەکەدا، پێستی منداڵەکە سووردەبێتەوە، واتە لەسەر سمت، ران و ئەندامی زاوزێی منداڵەکە
  • پێستی منداڵەکە لە شوێنی سووربوونەوەکەدا دەخورێت و هەستیار دەبێت
  • شوێنی دایبییەکە ئازاری دەبێت و دەسووتێتەوە
  • منداڵەکە هەست بە نائاسوودەیی دەکات و دەگری

کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر سووربوونەوەکە چەند رۆژێک بەردەوام بوو، یان یەکێک لەم حاڵەتانە هەبوو، پێویستدەکات منداڵەکە ببرێت بۆ نەخۆشخانە:

  • تا
  • سووربوونەوەی توند
  • سەرەڕای چارەسەر، خراپترببێت
  • شوێنی سووربوونەوەکە خوێنی لێبێت، بخورێت یان کێمی لێبێتەدەرەوە
  • سووربوونەوەیەک کە لە کاتی میزکردن و پیساییکردندا بسووتێتەوە و ئازاری هەبێت

هۆکارەکان:

  • دایبیی تەڕ بۆ ماوەیەکی زۆر نەگۆڕرێت: گرنگە دایبی منداڵ لەدوای خۆتەڕکردن یان خۆپیسکردن، زوو بگۆڕدرێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە منداڵەکە زووزوو میزبکات یان پیساییبکات.
  • بەستنی دایبییەکە بەتوندی: ئەمەش دەبێتەهۆی لێکخشانی دایبییەکە لەگەڵ پێستی منداڵەکەدا و سووربوونەوەکە دروستدەکات
  • بەکارهێنانی بەرهەمی نوێ بۆ منداڵ: هەندێک بەرهەم وەکو کلینێکسی تەڕ، دایبی، پاککەرەوە یان قوماشەکانی جلی منداڵەکە، دەکرێت هەستەوەری لە پێستی منداڵەکەدا دروستبکەن
  • هەوکردن بەهۆی بەکتریا و کەڕووەوە: لەبەرئەوەی ناوچەی ران و سمتی منداڵی دایبی لەپێ گەرم و تەڕە، ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی بەکتریا و کەڕوو دەڕەخسێنێت و هەوکردنەکەش وردەوردە بڵاودەبێتەوە
  • گۆڕانی ژەمەخۆراکییەکانی منداڵان: منداڵان لەگەڵ گەورەبوونیاندا دەستدەکەن بە خواردنی شتی رەق، ئەمەش وادەکات کە پێکهاتە و شێوازی پیساییەکانیان بگۆڕێت، ئەم گۆڕانکارییەش دەکرێت هۆکاربێت بۆ دروستبوونی ئەم سووربوونەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، گۆڕانکاری لە خواردندا دەبێتەهۆی زیادبوونی جارەکانی پیساییکردنی منداڵان. هەندێجار دەکرێت ئەو منداڵانەی شیری دایکیان دەخۆن، بەهۆی خواردنێکەوە کە دایکیان خواردوویەتی تووشی ئەم سووربوونەوەیە ببن
  • هەستیاری: هەندێک منداڵ پێستیان بە شێوازێکی سروشتی هەستیارە و زیاتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن
  • بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان: ئەو منداڵانەی دژەبەکتریایان بۆ بەکاردێت، زیاتر تووشی سووربوونەوە دەبن چونکە هەندێک بەکتریا هەن کە رێگریدەکەن لە گەشەکردنی کەڕوو، کاتێک منداڵەکە دژەبەکتریای پێدەدرێت، ئەم بەکتریا سوودبەخشانە لەناودەچن و ئاسانتر تووشی هەوکردنی کەڕوویی دەبن. لە هەمان کاتدا، دەرمانە دژەبەکتریاکان مەترسیی تووشبوونی منداڵان بە سکچوون زیاتر دەکەن. گرنگە بزانرێت کە ئەو دایکانەی شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان، پێویستە ئاگاداری ئەو دەرمانە دژەبەکتریایانە بن کە وەریدەگرن، چونکە دەکرێت لە رێگەی شیرپێدانەوە، منداڵەکانیشیان بە دەرمانەکە کاریگەربن و تووشی سووربوونەوەیان بکەن.

لێکەوتەکانی سووربوونەوەی شوێنی دایبی:

گۆڕانی رەنگی پێست: کاتێک ئەو منداڵانەی پێستیان قاوەیی و رەشە تووشی ئەم سووربوونەوەیە دەبن، پێستیان لە شوێنی سووربوونەوەکەدا، کاڵتر دەبێتەوە. ئەگەر گۆڕانکاری لە رەنگی پێستەکەدا کەمبوو، ئەوا دوای چەند هەفتەیەکی کەم رەنگی پێستەکە ئاساییدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر منداڵەکە بەتوندی تووشی حاڵەتەکە بووبێت و گۆڕانی رەنگی پێستەکە زۆربێت، ئەوا لەوانەیە ماوەی چەند مانگێک تاوەکو چەند ساڵێکی پێویستبێت بۆئەوەی رەنگی پێستی منداڵەکە ئاساییببێتەوە.  

رێگەکانی رێگریکردن لەم حاڵەتە ئەمانەن؛

  • زووزوو دایبی بگۆڕرێت: تەنانەت ئەگەر دایبییەکە وشکیش بێت، واباشە کە زۆر نەمێنێتەوە
  • بە ئاوی شلەتێن شوێنی دایبی بشۆرێت: لە کاتی دایبی گۆڕیندا، گرنگە منداڵەکە بەجوانی پاکبکرێتەوە؛ ئەم پاککردنەوەیە بە ئاوی گەرم یان شلەتێن بکرێت
  • پێویستە پێستی منداڵەکە بە خاولییەکی پاک وشکبکرێتەوە و نابێت پێستی منداڵەکە بە توندی بشۆرێت
  • بەکارهێنانی کرێم و مەڵحەم: ئەگەر منداڵێک ماوەماوە تووشی ئەم سووربوونەوەیە ببێت، پێویستە کرێمی بۆ بەکاربهێنرێت وەکو جیاکەرەوەیەکی پێستەکە لە ژینگەی دەوروبەر. پێویستە ئەم کرێمانە لە هەر گۆڕینێکی دایبیدا نوێبکرێنەوە
  • دوای گۆڕینی دایبی دەبێت دەستەکان پاک بشۆرێن: پێویستە ئەو کەسەی دایبی منداڵەکە دەگۆڕێت، بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی بەکتریا و کەڕوو بۆ منداڵەکە، دەستەکانی بەپاکی بشوات
  • نابێت دایبییەکە بەتوندی ببەسترێت چونکە دەبێتەهۆی لێکخشانی پێستی منداڵەکە لەگەڵ دایبییەکەدا، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بەم حاڵەتە زیاددەکات، هەروەها باشتر وایە دایبییەکە لە پلاستیک دروستنەکرابێت.
  • جارجار منداڵەکە بەبێ دایبی بێت: گرنگە ئەو کاتانەی خێزانەکە لە ماڵەوەن، دایبی لە منداڵەکە لێبکەنەوە، بۆئەوەی هەوای سروشتی بەر پێستی منداڵەکە بکەوێت و وشکی بکاتەوە، ئەمە بەتایبەتی لە دوای شۆردنەوە، یان حەمامکردنی منداڵەکە زۆر گرنگە. بۆ پاراستنی پاکوخاوێنیی ماڵەکە، دەکرێت منداڵەکە بخرێتەسەر بەتانی یان خاولییەکی گەورە.