كەناڵ8 وردەكاریی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكات

سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند، ئەو نووسراوەی بۆ پلەبەرزکردنەوە ئاڕاستەی فەرمانگەکانیان کردووە، هەنگاوێکی سیاسییە و بۆ ئەوەیە فشار بخرێتە سەر بەغداد، نەک دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە.

بەگوتەى سەرچاوەکە، پلەبەرزکردنەوە پێویستی بە بڕیار و رێنمایی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرگای لەسەر ئەو دۆسیەیە نەکردووەتەوە، بۆیە ئەوەی لەبارەی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە بڵاوکراوەتەوە "راست نییە". نووسراوەکە تەنیا داواکاریى خودی وەزیر بووە.

درەنگانى شەوى رابردوو، وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، نووسراوێکى بە سیفەتى بەپەلە و بە ژمارە 2769 بڵاوکردەوە و داواى لە یەکە ژمێریارییەکانى وەزارەت و فەرمانگەکان کرد، لەگەڵ لیستى مووچەى مانگى ئازاردا، لیستى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ئامادەبکەن و بۆ وەزارەتەکەى بنێرن، بەڵام کەناڵ8 لە چەند سەرچاوەیەکى تایبەتەوە ئەوەى زانیوە، ئامادەکردنى لیستەکە بۆ فشارە لە بەغداد نەک دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێم بۆ کەناڵ8 ئاشکراى کرد، داواکارییەکەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى کە واژۆى وەزیرى دارایی لەسەرە، سیاسییە و مەبەستەکە لە بەرژەوەندیى فەرمانبەراندا نییە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشى، بڕیارەکە کۆدەنگى بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانى وەزارەتى لەسەر نەبووە و داواکاریى وەزیرى دارایی بووە، وەک کارتێکى فشار لەبەرامبەر داواکارییەکانى بەغداد لە لیستى مووچەى مووچەخۆرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە، پێویستى بە بڕیار و رێنمایی دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنى وەزیران دەرگاى لەسەر ئەو دۆسییەیە نەکردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشى بۆ کەناڵ8 ئاشکراکرد، لە کۆبوونەوەى 24ى ئەم مانگەى ئەنجوومەنى وەزارەتى دارایی و دیوانى وەزارەتدا، پێنج خاڵ بۆ رێکارەکانى پلەبەرزکردنەوە خراوەتەڕوو، بەڵام ئاوات شێخ جەناب بە هیچیان رازیی نەبووە و تەنیا داوایکردووە، لیستەکە ئامادەبکرێت.

لەساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ راژەى شارستانى راگیراوە، تاوەکو ئێستا هەر فەرمانبەرێک دوو بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەوتاوە، کە لەنێوان 40 بۆ 120 هەزار دینارى مووچەى بنەڕەتییە و حکومەتى هەرێمى کوردستان، مانگانە نزیکەى 49 ملیارى بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانى پێویستە.