ئۆڤاکۆی، "رێگەی ئاوریشمی نوێ" لەنێوان عێراق و تورکیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان و محەمەد شیاع سودانى. فۆتۆ:AP

هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا ئامادەسازییە سەرەتاییەکانیان دەستپێکردووە بۆ دروستکردنی دەروازەیەکی نوێی بازرگانیی بەناوی "ئۆڤاکۆی" لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەبێ ئەوەی رێگەکەی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا (مانگی نیسان) سەردانی بەغداد دەکات، ئەوەش هەردوو وڵاتی بردووەتە قۆناغێکی هەستیار و دۆخەکە لە "بێدەنگیی بەر لە زریان" دەچێت، بەوپێیەی سوپای تورکیا دەیەوێت هێرشێکی زەمینیی لە قوڵایی خاکی عێراقدا ئەنجام بدات لەلایەکی دیکەوە چەندین پرۆژەی ستراتیژیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا لە سەروەختی جێبەجێکردندان.

رۆژنامەی نیزاڤیسیمایا گازێتای رووسیا، نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغداد خستووەتەڕوو، کە دۆسیەکانی دروستکردنی رێگای ئاوریشمی نوێ و دەروازەی سنووری "ئۆڤاکۆی"، هێرشی بەرفراوانی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان، پشکی عێراق لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، هەروەها پرسی وزە و هەناردەکردنەوەی نەوت لە خاکی تورکیاوە... هتد، گرنگترین دۆسیەکان دەبن.

رۆژی 14ی ئازاری رابردوو، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەردانی بەغدادیانکرد، لەلایەن بەرپرسانی باڵای عێراق پێشوازییان لێکرا، بۆ ئامادەسازییکردن بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغداد.

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی کاتێک سەردانی بەغدادیان کرد لە 14ی ئازاری 2024. وێنە: AP

رۆژنامە رووسییەکە ئەوەی ئاشکراکردووە، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کە حکومەتی عێراق بەڕێوەدەبات، بەشێوەیەکی نهێنیی رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی و هێرشی زەمینیی سنووردار لە هەرێمی کوردستان، لەبەرانبەر پەلەکردن لە دروستکردنی دەروازەی نوێی بازرگانیی ئۆڤاکۆی، هەناردەکردنەوەی نەوتی عێراق و زیادترکردنی پشکی عێراق لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات.

بەگوێرەى زانیارییەکانی رۆژنامە رووسییەکە، "هێزی رۆژ" کە نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند ساڵێکە مەشقیان پێدەکرێت و پڕچەکدەکرێن، بڕیارە هاوشانی سوپای تورکیا دژی پەکەکە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکەن.

پێشمەرگەی هێزی رۆژ کە زۆرینەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن - فۆتۆ: AA

هاوشانی بابەتە سەربازیی و سیاسییەکان، ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا رەزامەندی لەسەر پرۆژەی دروستکردنی رێگایەکی نێودەوڵەتی دەردەبڕێت کە بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر بەندەرەکانی بەسرە بە دەروازەی سنووری ئۆڤاکۆی دەبەستێتەوە و لەوێوە بۆ ئەوروپا تێدەپەڕێت.

دەروازەی بازرگانیی (ئۆڤاکۆی)، لە دیوی تورکیاوە سەر بە شارۆچکەی سلۆپییە لە باکو,ری کوردستان، بەڵام لە دیوی عێراقەوە سەر بە پارێزگای موسڵە و زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە تورکمانن و 30 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری زاخۆ دوورە، ئەم دەروازە نوێیە وەکو ئەڵتەرناتیڤی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل کاری لەسەر دەکرێت کە لەلایەن ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.

کارکردن بۆ دروستکردنی دەروازە بازرگانییە نوێیەکەی نێوان هەردوو وڵات، پاش ئەوە هات کە لە 25ی ئەیلوولی 2015 لە هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئەنجامدرا، ئەوکاتە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل هاتوچۆ تیایدا سنووردارکرا، بەڵام لەبەرئەوەی شاڕێی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بوو، تورکیا دەروازەکەی دانەخست.

لە ساڵانی رابردوودا، چەندین سەرکردەی تورکیا بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدادیان کردووە، وەکو بن عەلی یەڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی و چەندانی دیکە، هەروەها لە عێراقیشەوە چەندین سەرکردە سەردانی تورکیایان کردووە، وەکو مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و چەندین وەزیری پەیوەندیدار.

ئۆڤاکۆ و مەرگی نۆکەندی سوێس

دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆی، بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە ببێتە دەروازەیەکی سنووریی نێودەوڵەتیی و بەچەندین هێڵی هاتوچۆی خێرا، شەمەندەفەر و گواستنەوەی وزە... هتد لەخۆ دەگرێت و شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێتە دەروازەیەک کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا بەیەکترەوە دەبەستێتەوە.

لە لێدوانێکی پێشتریدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، ئاماژە بەوەدەکات، دەروازەی ئۆڤاکۆی دەبێتە رێگەی ئاوریشمی نوێ کە هەزاران ساڵ کیشوەری ئاسیای بە کیشوەری ئەوروپا بەستبویەوە.

بەگوێرەى بەدواداچونە رۆژنامەوانییەکانی هەندێک لە دامەزراوە میدیاییە ئابوورییەکان، دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆی بەوشێوەیە جێبەجێدەکرێت، دەبێتە رکابەرێکی بەهێزی نۆکەندی سوێس لە میسر و نۆکەندی بابولمەندەب لەنێوان یەمەن و جیبۆتی.

دەروازەی ئۆڤاکۆ لەهەردوو سنوورەوە بە رێگەیەکی فراوان و گەورە دەبەسترێتەوە کە دورییەکەی 1000 کیلۆمەترە.

سودانی و ئەردۆغان و "رێگەی پەرەپێدان"

رۆژی 21ی ئازاری 2023، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی تورکیای کرد، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و پاش کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێریی، ئەردۆغان ئاشکرایکرد: کارکردن لە پرۆژەی "رێگەی پەرەپێدان" دەستپێدەکات کە بەندەری فاو بە وڵاتی تورکیاوە دەبەستێتەوە.

پاشان ئەردۆغان گوتی: "رێگەی پەرەپێدان دەبێتە رێگەی ئاوریشمی نوێ لەنێوان کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا"، هەربۆیە رێگەکە تەنها گرنگ نییە بۆ عێراق و تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان گرنگ دەبێت.

رێگەی پەرەپێدان کە بە دەروازەی سنووریی ئۆڤاکۆیدا تێدەپەڕێت، رێگەیەکی فراوانی وشکانیی و چەندهێڵێکی شەمەندەفەر لەخۆدەگرێت.

تورکیا و عێراق فەرمانیان دەرکردووە بۆ دامەزراوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی پێکەوە کارەکان لەماوەیەکی کورتدا جێبەجێ بکەن.

ئۆڤاکۆی، هەڕەشە یان دەرفەت بۆ هەرێمی کوردستان

بەغداد و ئەنقەرە لە هەوڵی ئەوەدان چارەسەری سكاڵای ئەو بازرگان و سەرمایەدارانە بکەن کە بەهۆی بازرگانیکردنیان لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە پێدەچێت رووبەڕووی تەنگپێهەڵچنین بووبنەوە، هەروەها سەروەریی بگێڕنەوە بۆ پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات.

بەگوێرەى نەخشەی پرۆژەکە، لە ئایندەدا گواستنەوەی شمەک و کاڵا بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە بەندەری فاو بۆ دەروازەی ئۆڤاکۆی نزیکەی 22 کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام بۆ شەمەندۆفێر کەمتر لە 20 کاتژمێر دەخایەنێت، ئەوەش خێرایی گەیشتنی کەلوپەل بۆ سنوورەکانی ئەوروپا زۆر خێراتر دەکات.

لەئێستادا کۆی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، بەتایبەتی بە رێگەی وشکانی، بەهۆی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئەنجام دەدرێت، کە سەر بەشاری زاخۆیە لە پارێزگای دهۆک.

پاش جێبەجێکردنی پرۆژەی ئۆڤاکۆی، کە بڕیارە چوار ساڵ بخایەنێت، عێراق دەبێتە خاڵێگی گرنگی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵاکان لەنێوان کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا، کە لەئێستادا تەنها لە رێگەی نۆکەندەکانی سوێس و بابولمەندەب جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەی گرنگیی پرۆژەکەی زیاترکردووە، ئەو پشێویی و هێرشانەیە کە چەکدارەکانی حوسی لەپاش جەنگی غەززە دەیکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی بابولمەندەب و ئاستەنگ بۆ جموجوڵی لەسەدا 25ی کەشتییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی دروستبووە لە جیهاندا، جگە لەوەی تێچووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا بەرزترکردووەتەوە.

بەگوێرەى خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، رێگای پەرەپێدان، جموجوڵی بازرگانییەکان زۆر کورت و خێرا دەکات، بەشێوەیەک گواستنەوەی بارێک لە بەندەری شەنگەهای لە چین بۆ بەندەری رۆتەردام لە هۆڵاندا لە رێگەی نۆکەندی سوێسەوە 33 رۆژی پێدەچێت، بەڵام لە رێگەی دەروازەی ئۆڤاکۆی کورت دەبێتەوە بۆ تەنها 25 رۆژ.