لە تورکیا 147 گومانلێکراوی داعش و باندێکی تاوانکاری دەستگیرکران

کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا فۆتۆ: AP

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 147 گومانلێکراوی داعش و لە دێرسیم-یش، باندێکی تاوانکاریی دەستگیرکراون.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت: "لەمیانی ئۆپراسیۆنەکاندا بۆ سەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە 30 پارێزگای تورکیا، 147 گومانلێکراو دەستگیرکراون".

یەرلیکایا ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی نێوان 1ی حوزەیرانی 2023 تاوەکو 25ی ئازاری 2024، بە کۆی گشتیی "هەزار و 329" ئۆپراسیۆنیان بۆ سەر داعش ئەنجامداوە و لەمیانی ئۆپراسیۆنەکاندا 2 هەزار و 919 گومانلێکراو قۆڵبەستکراون.

لەو ژمارەیەش 692یان لەلایەن دادگاوە فەرمانی بەندکردنیان بۆ دەرکراوە، 531یان بە مەرج ئازاد کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ 187 گومانلێکراویان بەردەوامە.

وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکردووە، تۆمەتەکانی ئەنجامدانی چالاکی بۆ رێکخراوەکە، بەشداریکردن لە شەڕەکاندا لە ناوچەکانی پێکدادان و دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دارایی ئاڕاستەی گومانلێکراوەکان کراوە. 

هاوکات عەلی یەرلیکایا بڵاویکردەوە، لە دێرسیم 12 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە کە سەربە باندێکی تاوانکاریی بوون و لەنێو دەستگیرکراوەکاندا سەردەستەی باندەکەش هەیە.