کورد لەنێوان فۆلکلۆر و شانۆی رۆژئاواییدا

لە ئاستی دەرکەوتنی شانۆی کوردییدا، رەخنەگر و توێژەرانی بواری هونەر بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەشێکیان ئاماژە بەوە دەدەن، درامای کوردی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغەکانی پێش مێژوو، ژمارەیەکیشیان دەڵێن، سەرەتای سەدەی بیستەم، قۆناغی سەرهەڵدانی شانۆی کوردییە، پاڵپشت بە زانیارییەکانی توێژەر فیصل غازی محمد، بە ناونیشانی "چاوخشاندنێک بە تەکنیک و قۆناغەکانی شانۆی کوردی"، ئاوڕێکی خێرا لەم مێژووە دەدەینەوە.

نواندن و فۆلکلۆری کوردی

لە ئاستی یەکەمدا، شانۆی کوردیی، بە لێکدانەوەی چیرۆکە دێرینەکان، دەگەڕێتەوە بۆ فۆلکلۆر، لە کۆندا، فۆلکلۆر، رەنگدانەوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری و کولتووریی بووە، فۆلکلۆری کوردی، خاوەنی چەندین تێمای جیاواز بووە، لەوانە: ململانێ، دووبەرەکایەتی، رووداو، گرفتی کۆمەڵایەتی و دراما، کە پێکڕا دوو رەهەندی چاکە و خراپەیان نیشانداوە و ئامانجیان گەیاندنی پەیام بووە وەک لە زەقکردنەوەی رەگەزەکانی گێڕانەوە و بەکارهێنانیان لە چوارچێوەی نمایشدا.

بە گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی فۆلکلۆری کوردی، تێبینی دەکەین، نموونە شانۆییە سەرەتاییەکان هاوشێوەی لاساییکردنەوە و گێڕانەوەی چیرۆکن و مێژوویەکی دێرینیان هەیە، لەوانە: نواندنی (لاوک، بەیت، حەیران)، نواندنی چیرۆک، نواندنی رەوان، نواندنی فەقێکان.

نموونەی ئەم شێوازانەش بریتین لە، کەسایەتی سیامەند لە بەیتی "خەج و سیامەند"دا، کە تیایدا دوو کارەکتەری شەڕخواز و ئاشتیخواز بوونیان هەیە، لە ئاستی کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، شەوانە، چەندین چیرۆکی جیاواز بۆ خەڵک گێڕراونەتەوە لە کۆبوونەوەی دیوەخانی ئاغاکاندا، بەشێوەی شانۆیی گێڕەرەوە جووڵەی کردووە و هەستەکانی هاوتای دیمەن و دۆخەکان دەربڕیوە.

لە ئاستی نواندنی رەوانیشدا، گاڵتەوگەپ و یاریکردن بە بەرامبەر، دیاردەیەکی باو بووە، کۆمەڵێک بە رەفتاری جیاواز و هەڵبەستنی قسەی ناراستەقینە، کەسێکیان کردووەتە ئامانج و سەریان لێشێواندووە، بە جووڵەی نامۆ و گوتەی نائاسایی، کەشێکی جیاوازیان خولقاندووە.

فەقێیان، لە دیارترین ئەو چین و توێژانە بوون کە گرنگییان بە نواندنی سەرەتایی داوە، پرسە ئاینیی و رەوشتییەکانیان هەڵبژاردووە و لە میانی قۆناغەکانی خوێندن و وەرگرتنی مۆڵەت، خۆیان بۆ پێشکەشکردنی بابەتێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئامادەکردووە و پاش پرۆڤەیەکی چەند رۆژە، نمایشیان پێشکەشکردووە، لە هەمان کاتدا، دیکۆری سادەشیان بۆ نواندنەکە دروستکردووە.

شانۆی کوردی لە سایەی تێگەیشتنی ئەوروپییانەدا

شانۆ و دراما، پەیوەندییەکی گەورەیان بە شێوەکانی هونەرەوە هەیە، شانۆ توانای بڕینی سنووری نووسراوی هەیە و لە چوارچێوەی هونەر و ئەدەبیاتدا خاوەنی خەسڵەتی هاوبەشە، ئەمەش وای کردووە، نمایشە شانۆییەکان، لە سنووری ئەدەبیات بچنە دەرەوە و بۆ کوردیش پیشاندانی شانۆیی، پێش نووسینی شانۆنامە و بڵاوکردنەوەی تێکستی شانۆیی کەوتووە.

شانۆی کوردی و سەرەتای دراما، بە دەق دەستیپێنەکردووە، لە ئاستی مێژووییدا، کە تاوەکو ئێستا وەکو بەڵگە بوونی ماوە، دەقی نووسەری باکوری کوردستان، عەبدولرەحیمی رەحمی هەکاری'یە، کە لە گۆڤاری ژین ساڵی 1919، بە ناوی "مەمی ئالان"، بڵاویکردووەتەوە و بە سەرەتاییترین دەقی شانۆیی کوردی دادەنرێت.

لە چوارچێوەی بنەماکانی "پیەس"دا، تا رادەیەکی زۆر، خاوەنی تایبەتمەندییەکانی شانۆنامەیە، گفتوگۆ، ناکۆکی، یەکێتیی کات، شوێن و بابەتی درامای تراجیدی لەخۆگرتووە.

شانۆی باشوری کوردستان

بەهۆی پەرتەوازەیی لە پێشکەشکردنی کارە هونەرییەکانی شانۆدا، سەرەتایەکی دیاریکراو بۆ قۆناغی سەرهەڵدانی شانۆی باشوری کوردستان دیارینەکراوە، نمایشە شانۆییەکان، سەرەتا لە قوتابخانەکان دەستیانپێکردووە، ساڵی 1905، شانۆگەرییەکی شێوە رۆژئاوایی، بە ناونیشانی "میری دیل"، لە هەولێر پێشکەشکراوە، ساڵانی 1910 بۆ 1912، لە فێستیڤاڵەکانی شاری سلێمانیدا، نواندنی شانۆییان پێشکەشکردووە، بەبێ ئەوەی دەقەکانیان بڵاوبکەنەوە، ئەمەش لاوازیی بڵاوکراوە و رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە نیشاندەدات بەرامبەر بە پرسەکانی هونەر و شانۆ.

لە ئاستی مێژووی بزاوتە هونەرییە شانۆییەکاندا، قوتابخانەکان چاوپۆشییان لێناکرێت، بەو هۆکارەی، مێژووی سەرهەڵدانی جووڵانەوە شانۆییەکانی کورد و عەرەب لە عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ پاش قۆناغی دامەزراندنی حکومەتی پادشایەتی، بەو هۆکارەی، تیپی مۆڵەتپێدراوی یاسایی بوونیان نەبووە و یاسا و دەستوور بۆ دامەزراندنی کۆڕ و کۆمەڵەکانیش پاش ئەم مێژووەیە.

ساڵی 1926، کۆمەڵەی زانستی کوردان لە شاری سلێمانی هاوتای گرنگیدان بە خوێندن و خوێندەواریی، رۆڵیان لە دروستکردنی کاریگەرییە هونەرییەکان هەبووە، ئەندامانی کۆمەڵەکە، لەوانە: فوئاد رەشید بەکر و کەریم سەعید زانستی، چیرۆکی تەمسیلی "عیلم و جەهل"یان لە شانۆگەری سەعید تەقیەلدینەوە وەرگرتووە و بەشێوەیەکی سادە و بەبێ دیکۆر پێشکەشیان کردووە، پاشان ساڵی 1927، شانۆگەریی نیرۆن نمایشکراوە، کۆمەڵەی زانستی و پیرەمێردی شاعیر گرنگییەکی گەورەیان پێداوە و بانگەشەیان بۆ کردووە.

لێرە بەدوا، شانۆی کوردی، شێوەی تەواوەتیی خۆی دەگرێت لە باشوری کوردستان و دەست بە نەشونما و گەشەکردن دەکات، چەندین شانۆیی گەورە و گرنگ پێشکەشکراون، لەوانە:

کچی کوردستان 1930
دڵداری و پەیمانپەروەری 1933
سەربازی ئازا 1935
مەحمود ئاغای شێوەکەڵ 1936
تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان 1971
شێرپەنجە 1972
تەمسیلی ژیان 1978