کەناڵ8 دوایین زانیاریى لەبارەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ئاشکرادەکات

دینارى عێراقى. فۆتۆ: کەناڵ8

وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان داواى لەسەرجەم فەرمانگەکان کردووە، بە لیستێک پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ئامادەبکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ برە پارەیەک بۆ پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران دابیننەکراوە.

سەرچاوەیەکى وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند، لەگەڵ مووچەى مانگى نیسان ناتوانرێت لیستى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ئامادەبکرێت، بەڵام هەوڵدەدەن بۆ مانگى ئایار لیستى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ئامادەبکەن.

سەرچاوەکە گوتیشى، پێویستە لەگەڵ ئامادەکارییە هونەرییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکرێت، بۆئەوەى بڕە پارەى پێویستى بۆ تەرخان بکرێت.

وەزارەتى دارایى و ئابوورى لەمانگى شوبات داواى لە وەزارەت و فەرمانگەکان کرد، لیستى مووچەى مانگى ئازار بە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانەوە ئامادەبکەن، بەڵام بەشى زۆرى وەزارەت و فەرمانگەکان رایانگەیاند، بۆ ئەوە کاتیان پێویستە و ناتوانن بەو خێراییە ئەو کارە بکەن.

لە سەرەتاى ساڵى 2016ەوە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران راگیراوە، فەرمانبەران دوو بۆ سێ پلەبەرزکردنەوەیان راگیراوە، ئێستا حکومەتى هەرێم مانگانە پێویستى بە 49 ملیار دینارە بۆ دەستپێکردنى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران.