ئەپیکۆر راگەیەندراوێکی لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە

لۆگۆی ئەپیکۆر

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکۆر، لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە گفتوگۆکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و محمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

لەراگەیەندراوەکەی ئەپیکۆر ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوان ئامادەن بۆ بەردەوامیدان و بەپەلە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق  بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا

ئاماژە بەوەشکراوە، تەنیا مەرجیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و دەستپێکردنی هەناردەی نەوت ئەوەیە، پێویستە مەرجە داراییەکانیان لەرێگەی نووسراوی فەرمییەوە دڵنیایی پێبدرێت لەبارەی وەرگرتنی پارەى نەوت لە رابردوو و داهاتووشدا.

هاوکات، مایلز کاکگینز، گوتەبێژى ئەپیکۆر رایگەیاندووە، کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان بە قەبارەی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە سێکتەرەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا کردووە.

پێشتر ئەپیکۆر رایگەیاندبوو، بەهۆى وەستانى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان زیانى 15 ملیار دۆلار بە ئابوریى عێراق کەوتووە و نرخى نەوتیش لە بازاڕەکانى جیهان بەرز بووەتەوە.