ئەنجوومەنی وەزیران میکانیزمی نوێی هەناردەی نەوت و باجی گومرگیی پەسەندکرد

شۆڕش محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران

پووختەی هەواڵەکە:

  • یەکی تشرینی یەکەم وەک وادەی دەستپێکردنی وەرگرتنی پێشوەختەی ڕەسمی گومرگی و باج دیاریکرا.
  • بڕیاردرا بە لابردنی پاڵپشتیی نرخ لەسەر بەرهەمە نەوتییەکان جگە لە سووتەمەنییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان.
  • وەزیری نەوت دەسەڵاتی فراوانکردنی ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی پێدرا.
  • میکانیزمی نوێی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ ماوەی سێ مانگ پەسەندکرا.

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاشکرای دەکەن عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێی ئابوورییەوە کە تێیدا لە یەکی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە هیچ هاوردەکارێک ناتوانێت پارە بۆ دەرەوە حەواڵە بکات، تاوەکو پێشوەختە باج و ڕسومی گومرگی لە ڕێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا و پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە نەدات.


ئەنجوومەنی وەزیران و کەرتی نەوت:

  • کڕینی نەوتی خاو بەپێی نرخی سۆمۆ یان نرخی ناو بودجە بە داشکاندنی 30% دەبێت.
  • لە یەکی ئەیلوولی 2026ـەوە پاڵپشتیی نرخ لەسەر بەرهەمە نەوتییەکانی سەرجەم کەرتەکان لادەبرێت، جگە لە بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی و غازی شل.
  • گرێبەستی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیا جیهانی و ناوخۆییەکانەوە بۆ ماوەی سێ مانگ دەبێت و لە یەکی ئەیلوولەوە دەستپێدەکات.
  • وەزیری نەوت دەسەڵاتی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی پێدراوە لە کاتی پێویستدا بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەر قەیرانێکی سووتەمەنی.

باج و ڕێکارە داراییەکان:

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ توندتر بکاتەوە؛ بەپێی بڕیارە نوێیەکە، هاوردەکاران دەبێت بڕی پارەی گواستنەوەی دەرەکی لە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان دابنێن و پارەکە ناگوێزرێتەوە تاوەکو ڕەسمی گومرگی و ئەماناتی باجی خەمڵێنراو نەدەن. ئەم سیستەمە ئامانجی ڕێکخستنەوەی بازاڕ و ڕێگریکردنە لە فێڵی باجی، و لە یەکی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

زانیاریی لەسەر بڕیارەکان:

ئەم بڕیارانە لە پانزەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دەرچوون. تێیدا جەخت لەسەر زیادکردنی تواناکانی هەناردەکردن و هاوردەکردن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات کراوەتەوە، هاوکات دەسەڵاتی تەواو دراوەتە وەزارەتی نەوت بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکان و دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێی گواستنەوە بۆ نەوتی عێراق لە ڕێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری نوێی لەبارەی دۆسیەکانی نەوت و ئاو و خوێندن دەرکرد

پرسی سووتەمەنی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بودجەی 2027 دەبرێنە ئەنجوومەنی وەزیران

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدایە؛ بڕیار لەسەر داهاتی نانەوتی دەدرێت

نهێنیی هەرزانیی بەنزین و نەوت لە عێراق و گرانییەکەی لە هەرێمی کوردستان چییە؟

گەڕانەوە بۆ سەردەمی کۆبۆن؛ هەولێر قەیرانی بەنزین بە ئەلیکترۆنی چارەسەر دەکات؟

شۆڕش محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا