پارێزگاری نەینەوا: کۆتایی ئەمساڵ فڕۆکەخانەی موسڵ ئامادە دەبێت

وێنەیەکی دەروازەی فڕۆکەخانەکە فۆتۆ: میدیای عێراقی

نزیکەی 70٪ی کارەکانی پرۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ تەواو بووە و بڕیار وایە کۆتایی ئەمساڵ بکەوێتە کار.

عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ پرۆژەی فڕۆکەخانەی موسڵ رایگەیاند "کۆتایی ئەمساڵ فڕۆکەخانەکە ئامادە دەبێت و بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان دەخرێتەکار".

رۆژی شەممە، 16ی ئازاری 2024، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا پرۆژەی فڕۆکەخانەی موسڵی بەسەرکردەوە و رایگەیاند "ئەو پرۆژەیە ناسنامەی پارێزگاکەیە و رووی ئەو شارەیە بۆ هاتوچۆ و بەستنەوەی بە جیهانەوە".

جگە لەوەش، پارێزگاری نەینەوا ئەم فڕۆکەخانەیەی بە دەروازەیەکی گرنگ باسکرد بۆ هێنانی وەبەرهێنەرە جیهانییەکان بۆ شارەکە و سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی.

دەخیل رایگەیاند، ئامێرەکانی فڕۆکەخانە و فڕگەکەی بەڕێژەی 70% کارەکانیان جێبەجێکراون و بڕیارە کۆتایی 2024 کارەکان تەواو ببن و فڕۆکەخانەکە ئامادە بێت بۆ خزمەت.

لەکاتێکی دیکەی ئەمڕۆ شەممەدا، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاندبوو، کە بەنیازن گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتاڵیدا واژۆ بکەن، بۆ دیزاینی بنەڕەتیی شاری موسڵ و لەو دیزاینەدا 160 هەزار دۆنم زەوی دیکە بۆ شارەکە زیاد دەکرێت و بەگوتەی ئەو هەلی وەبەرهێنان و پێشخستنی شارەکەی دەڕەخسێت.