کەشناسێکى عێراقى لەبارەى دروستبوونى لافاو لە هەرێمى کوردستان هۆشداریدەدات

شەقامێکى شارى سلێمانى لەکاتى بارانباریندا. فۆتۆ: حەمە سوور

کەشناسێکى عێراقى هۆشداریدەدات لەو شەپۆلە بارانبارینەى عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە و دەڵێت، ئەمشەو شەپۆلەكە دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزیى خۆى.

سادق عەتیە، کەشناسى عێراقى رایگەیاندووە، ئەو شەپۆلە بارانبارینەى ئێستا بەشێک لە پارێزگاکانى عێراقى گرتووەتەوە بەتیپەڕبونى کات درێژدەبێتەوە و زۆربەى پارێزگاکانى عێراق دەگرێتەوە.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، شەپۆلى بارانبارینەکە لە ئەمشەوى دووشەممەوە لە پارێزگاکانى هەولێر سلێمانى دهۆک نەینەواو بەشێک لەناوچەکانى ناوەڕاستى عێراق دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى خۆى، هۆشداریدەدات کە لایەنە فریاگوزاریەکان لەئامادەباشیدابن و داوا لەهاوڵاتیان دەکات لەشەوى دووشەممەوە تاوەکو بەرەبەیانى چوارشەممە گەشت نەکەن.

بەگوێرەى داتا و ئامارەکانى کەشناسى، تاوەکو ئێستا رێژەى بارانبارین لەهەرێمى کوردستان، لەهەمان ئاستى تێکڕاییەکانى ساڵانى پێشتردایە و لەبەنداوەکان بە بەراورد بەساڵانى رابردوو رێژەیەکى زیاترى ئاو گلدراوەتەوە.