ئەمریکا سەرکۆنەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی رووسیا دەکات

ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی رووسیا دەکات و بە "نا ئازاد" ناوزەدیدەکات، راشیدەگەیەنێت "پیرۆزبایی لە سەرۆکی رووسیا ناکات" کە بە جیاوازییەکەی زۆر ویلایەتێکی دیکەی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەی وەرگرتەوە.

فیدانت باتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند "هەڵبژاردنەکەی رووسیا پرۆسەیەکی "نا دیموکراسی" بوو بەتەواوی، گوتیشی: "هیچ پەیامێکی پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ هاوتا رووسییەکەی نانێردرێت".

سەرکەوتنى پوتین، یار و نەیارى ناوبراوى هێنایە سەرخەت و هەرزوو ئەوانەى هاوپەیمان و دۆستى رووسیا و پوتنن، بەپیرۆزباییەکانیان روپەرى ماڵپەڕ و رۆژنامە جیهانییەکانیان تەنى، لەبەرامبەریشدا، نەیار و دژەکانى رووسیا و خودى پوتن، بە هەڵبژاردنێکى ناشەرعى وەسفیانکرد و رەخنەى جۆراوجۆریان لە سەرۆکى تازە هەڵبژێردراوى رووسیا گرت.

لەنێو هاوپەیمانەکانى رووسیا، هەریەک لە چین و کۆمارى ئیسلامى ئێران و هیندستان و ڤەنزوێلا و کووبا و سووریا، بەشێوازى تایبەتى خۆیان پیرۆزباییان گەیاندە ڤلادیمیر پوتن، لەو چوارچێوەیەش، حکومەتى پەکین رایگەیاند "رووسیا لە توانایدایە، دەستکەوتى زۆر گەورەتر بەدەستبهێنێت لەداهاتوودا".

هاوکات ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى ئێران، نامەیەکى تایبەتى بۆ ڤلادیمیر پوتن، رەوانەکردووە و تیایدا رایگەیاندووە"لەناخى دڵمەوە پیرۆزباییت لێدەکەم، بۆ هەڵبژاردنەوەت بە سەرۆکى رووسیا".

ناریندرا مۆدى، سەرۆکى هیندستان، رایگەیاند، لە هەوڵى پەرەپێدانى پەیوەندیەکانمانین لەگەڵ رووسیا، بەتایبەتى خودى پوتین، هەروەها نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکى ڤەنزوێلا، ڤلادیمیر پوتینى وەک برا گەورە ناوزەندکردووە و رایگەیاندووە "براى گەورەمان سەرکەوتنى بەدەستهێنا، ئەمەش مژەیەکى خۆشبەخشە بۆ هەموو جیهان".

لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیش، یەکەم وڵات سووریا بوو لەرێگەى بەشار ئەسەد، سەرۆکى وڵاتەکەوە پیرۆزبایی گەرمى لە پوتین کرد، بە هەڵبژاردنەوەى بە سەرۆکى رووسیا.

جیاواز لەراى هاوپەیمانەکانى پوتین، وڵاتانى خۆرئاوا و یەکێتى ئەورووپا، هەڵبژاردنەکانى رووسیایان بە "سەرکوتکارى و تۆقاندن"، ناوزەندکردووە.

جۆزێف بۆریل، بەرپرسى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتیى ئەورووپا، بۆچوونى وایە "ئەو هەڵبژاردنە لەسەر بنەماى سەرکوتکارى و تۆقاندن، بەڕێوەبراوە، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکى، سەرۆکى ئۆکرانیا راى خۆى لەسەر هەڵبژاردنەکەى رووسیا دەربڕى و رایگەیاند "پوتین دەیەوێت دەستبەسەر هەموو جیهاندا بگرێت".

هاوکات هەریەک لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتاڵیا و کۆمارى چیک و مۆڵدۆڤا و پۆڵەندا و نەرویج، بۆچوونیانوابوو "ئازادى هەڵبژاردن و فرەیی و دیموکراسى، بە هەڵبژاردنەکەى رووسیاوە نەبینراو بەشێکیشیان بە شانۆییەکى گاڵتەجاڕ ناویانبرد".

ڤلادیمیر پوتین، تەمەن 71 ساڵ، لە گوتارى سەرکەوتنى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى گوتى "رووسیا ناترسێت".