هیندییەکان ئاهەنگ بۆ مەراسیمی سیام دەگێڕن

لە باشووری هیندستان فێستیڤاڵی "سیام" بەڕێوەدەچێت کە بە یەکێک لە کۆنترین و دیارترین رێورەسمەکانی پەرستن لەو ناوچانەدا دادەنرێت.

ئەم سەمایە شێوازێکە بۆ پەرستنی خوداوەندی هیندۆسی و رۆحی باو و باپیرانیان دەکرێت، سەماکاران ماکیاژێکی قورس دەکەن و جلی بریقەدار و کولتووری لەبەردەکەن، سەریان بە کڵاوی تایبەت دادەپۆشن، لەپێناو پێشکەشكردنی سڵاوێکی ئاهەنگئامێز بۆ خوداوەندەکەیان.

سیام یەکێکە لە رێورەسمەکانی سەماکردنی بەناوبانگ کە لە ویلایەتی کیرالا لە باشووری هیندستان سەریهەڵداوە، لەم ناوچەیەدا زۆرکات مێژوو بە بەکارهێنانی شێوەی هونەریی دەگێڕدرێتەوە.

چالاکییەکانی ئەم ئاهەنگەش، سەماکردن و ژەنینی موزیکی کولتووری و لاساییکردنەوەی خوداوەند لەخۆدەگرێت، زیاتر لە 400 سەما هەن کە هەریەکەیان موزیک و شێوازی ئەنجامدانی تایبەت بە خۆیان هەیە.

هەر هونەرمەندێک وێنای پاڵەوانێک دەکات کە هێزێکی گەورەی هەیە، نمایشەکان بەبێ قسەکردن دەکرێن و تەنها سەما لەسەر تۆنی موزیک دەکرێت، ئەم نمایشانەش ساڵانە سەدان کەس لە شوێنە جیاوازەکانەوە رادەکێشن.