ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستپێدەکات

کچێک ئاڵای تورکیای لە یەکێک لە بانگەشەکانی رابردوودا بەرزکردووەتەوە.

بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن کە لەلایەن دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستپێدەکات.

بانگەشەی هەڵبژاردن کاتژمێر 18:00ی رۆژی شەممە 30ـی ئازار و قەدەغەکراوەکانی هەڵبژاردن کاتژمێر 23:59ـی رۆژی 31ی ئازار کۆتاییدێت.

پارتە سیاسییەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان لەو وادەیەی دیاریکراوە دەتوانن بانگەشەی زارەکی، نووسراو و ڤیدیۆیی ئەنجامبدەن. بانگەشەکردن لەسەر شەقامە گشتییەکان، پەرستگەکان، باڵەخانە حکومییەکان و جگە لەو گۆڕەپانانەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن دیاریکردووە، قەدەغەیە. هاوکات بانگەشەکردن لەرێگەی ناردنی ئیمەیڵ، نامە و ڤیدیۆ بۆ هاوڵاتییان بەهەمووشێوەیەک قەدەغەیە.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە ماوەی 10 رۆژی پێش هەڵبژاردندا بڵاوکردنەوەی هەموو جۆرە راپرسییەک، پێشبینی و خەمڵاندنێک کە لە بەرژەوەندیی یان دژی پارت و لایەنێکی سیاسیی بێت، بە هەموو شێوەیەک و لەژێر هەر ناونیشانێکدا بێت قەدەغەکراوە. ئەم قەدەغەکردنەش تاوەکو کاتژمێر 23:59ی رۆژی 31ـی ئازار کە رۆژی هەڵبژاردنە بەردەوامدەبێت.

هاوکات پەرلەمانتاران و وەزیرەکان ناتوانن ئۆتۆمبێلەکانی دەوڵەت بۆ بانگەشە بەکاربهێنن و نابێت هیچ فەرمانبەرێک لە بانگەشەدا هاوەڵییان بکەن.

34 پارت و لایەنی سیاسی بەشداریی لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا دەکەن کە رۆژی 31ی ئازار لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچن و تیایدا سەرۆکی شارەوانیی 81 پارێزگا، 973 شارۆچکە، 390 شارەدێ و 50 هەزار و 336 موختار و هاوکات ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و شارەوانییەکان هەڵدەبژێردرێن.