عێراق لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە چەک دروستدەکات

دەمانچەی جۆری بابل و لۆگۆی دەستەی پیشەسازیی جەنگی

عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دەیەوێت چەکی مامناوەند بەرهەمبهێنێت.

مستەفا عاتی حەسەن، بەڕێوبەری دەستەی دروستکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، وابڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا چەند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چەک لە عێراق بکرێنەوە.

راشیگەیاند، کە عێراق خاوەنی زیاتر لە کارگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی سووک و زرێپۆش، لە داهاتووشدا دەتوانن چەکی مامناوەند بەرهەمبهێنن.

روونیشیکردەوە، ئەم پڕۆژانە بەشێوەیەکی گشتى لەلایەن حکومەتەوە بودجەی بۆ دابینناکرێت، بەڵکو لەڕێگەی وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێن، کە بە گوتەی ئەو ئەمەش بەرنامەیەکی حکومەتە بۆ بەشدارییکردنی کەرتی تایبەت لە بەرهەمهێنانی چەکدا.

بەڕێوبەری دەستەی دروستکردنی چەک و کەرەستەی سەربازی دەڵێت: "لەلایەن وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆوە تاقیکردنەوەی کواڵیتی و مانەوە بۆ ئەو چەکانە دەکرێت، کە لەلایەن وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەتەوە دروستدەکرێن.

جەختیشیلەوەکردەوە، لە ئێستادا کارگەکانی عێراق، تۆپی 9ملم، چەکی کڵاشینکۆف، تفەنگی ئەمریکی  M4بەرهەمدەهێنن، ئەمە جگە لە کارگەکانی دروستکردنی هاوەن بە هەموو قەبارەکانیەوە.

بەگوتەی عاتی، دەستەی پیشەسازیی سەربازی 23 هەزار ئەندامی لەخۆگرتووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە کەمتر لە چارەکێکی ئەم ژمارەیە هەیە، ئاماژەی بەوەشدا کە گرێبەستیان کردووە بە بەهای 40 ملیار دینار داهات بەدەستبهێنێت.